بەناوى خواى گەورەو ميهرەبان

سەردێڕ

Post Top Ad

Your Ad Spot

الاثنين، 15 مارس 2021

ده‌رباره‌ی تازه‌گه‌ری ئیسلامی

 

  كامیل مه‌حمود

ئايين لە بنەماو بنەڕەتدا يەك ئايين بووەو خواناسين و بيروباوەڕى ئايينى گۆڕانكارى بەسەردا نەهاتووەو هەموو پێغەمبەران خاوەنى يەك ئايين و باوەڕى يەكتاپەرستى بوون، بەڵام شەريعەت و شێوازى پيادەكردنى خواپەرستى و جۆرى گوتارەكان بەپێى عەقڵ و قۆناغەكان جياواز بووەو هەر قۆناغەو تێپەڕێنەرى قۆناغى پێش خۆى بووە تا گەيشتووەتە كۆتا پێغەمبەر كە موحەمەدى كوڕى عەبدوڵايە(h).

 هەموو ئايينەكان بانگەوازى بۆ يەكتاپەرستى كردووەو دژى هاوەڵدانان بۆ خوا و هۆكارەكانى شيرك و نەفامى و دەمارگيرى بوون، بانگيان كردوون بۆبەگەڕخستنى عەقڵ و بيرى خۆيان، بۆ ئەم عەقڵگەراييەش پێفەمبەران قۆناغ بەقۆناغ بزاوتيان كردووەو لەدەرەوەى توانا عەقڵييەكانى مرۆڤەوە مامەڵەيان لەگەڵ نەكردوون، بەڵام لەهەر قۆناغێكدا زەمينەى چوونە پێش و تێپەڕاندنى قۆناغى رابردوويان بۆ خۆش كردوون و هەندێ شتى تازەو رێنموونى و راسپاردەيان داوە بەگوێياندا.

قورئانى پيرۆز دەربارەى پەيامەكەى عيسا(سلامى خواى لێبێت) دەفەرموێ:[وَمُصَدِّقًا لِمَا بَيْنَ يَدَيَّ مِنَ التَّوْرَاةِ وَلِأُحِلَّ لَكُمْ بَعْضَ الَّذِي حُرِّمَ عَلَيْكُمْ]([1])، ئەم ئايەتە پيرۆزە دەلالەتى ئەوەى تيايە كە پەيامەكەى عيسا هەندێ لەوەى موساى نەسخ كردووەتەوە، كەهەردووكيشيان بۆ بەنوئيسرائيل رەوانە كراون.

هەروەها دەربارەى پەيامەكەى كۆتا پێغەمبەريش(h) دەفەرموێ [يَأْمُرُهُمْ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَاهُمْ عَنِ الْمُنْكَرِ وَيُحِلُّ لَهُمُ الطَّيِّبَاتِ وَيُحَرِّمُ عَلَيْهِمُ الْخَبَائِثَ وَيَضَعُ عَنْهُمْ إِصْرَهُمْ وَالأَغْلالَ الَّتِي كَانَتْ عَلَيْهِمْ]([2])، يان دەفەرموێ:[يَا أَهْلَ الْكِتَابِ قَدْ جَاءَكُمْ رَسُولُنَا يُبَيِّنُ لَكُمْ كَثِيرًا مِمَّا كُنْتُمْ تُخْفُونَ مِنَ الْكِتَابِ وَيَعْفُو عَنْ كَثِيرٍ قَدْ جَاءَكُمْ مِنَ اللَّهِ نُورٌ وَكِتَابٌ مُبِينٌ]([3]). 

پێويستييەكان و ئاستى هۆشيارى و عەقڵى گەل و نەتەوەكان جياوازبوون و شەريعەت و گوتارە ئايينييەكەى پێغەمبەرەكانيشيان قۆناغ بەقۆناغ جياوازبوون و بەگوتارى نوێ و پەيامى تازەى ئاسمانى خۆيان زەمينەيان بۆ گەشەى عەقڵى كۆمەڵگە مرۆييەكان خۆش كردووە تا گەيشتووە بەم ئاستەى ئێستا كە مرۆڤايەتى وەك يەك كۆمەڵگەو يەك گوندى لێهاتووەو خواى گەورە كۆتا پێغەمبەرى بۆ ئەم كۆمەڵگە پێشكەوتووە ناردووە كە لەئاستى پێشكەوتن و گۆڕانكارييەكاندايەو پێغەمبەرى سەردەمى عەولەمەو تازەگەرى و هەنگاوە خێراكانى مرۆڤايەتيدايە.

ئەم كۆتا پەيامە ئاسمانييە تەبايە لەگەڵ گۆڕانكارييەكان و پێشكەوتنە خێراكاندا، چونكە خواى گەورە بەئاگايە لەرەوتى ژيانى بەندەكانى و قۆناغەكانى گەشەكردنى خێزانە گەورە مرۆييەكە، بۆيە كۆتا پەيام بۆ هەموو مرۆڤايەتييەو تايبەتمەندى خۆنوێكردنەوەو تازەبوونەوەو ئاراستەكردنى هەنگاوە خێراكانى مرۆڤايەتى تيايەو تەواوكارى كۆتاييە بۆ هەموو پەيامە ئاسمانييەكانى پێشوو[الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا] ([4]).  

ئێستا مرۆڤايەتى يەك نەتەوەن لەناو يەك گوندى بچووكداو دەردو نەخۆشييەكانيان يەكەو كاريگەرى و كارلێك لەنێوان يەكە بچووكەكانى كۆمەڵگە گەورەكەدا هەيە، پەيامى پيرۆزى ئيسلام عەقڵى گەشەكردووى ئەم نەتەوە مرۆييە دەبزوێنێت بۆ زياتر بەگەڕخستنەوەى عەقڵ و گەڕانەوە بۆ عەقڵگەراييە تەندروست و ئاساييەكەى كەپێغەمبەران هەوڵيان بۆ داوەو رێنموونى كۆمەڵگە بەراييەكانيان بۆ كردووە.

ئەم تەواوكارييەى خواى گەورە بڕيارى داوە لەسەر زەويدا رووبەرووى ئينحراف و سەركەشى مرۆڤەكان دەبێتەوەو لەكۆتاييدا هەمان ئەو مەترسيانەى رووبەڕووى ئايينەكانى پێشووتر بوونەوە دێنە سەر ڕێگاى ئيسلاميش، بۆيە ئەم ئايينە بۆ ئەوەى مۆركە جيهانى و ئەبەدييەكەى بسەلمێنێت پێويستە لەناو خودى خۆيدا بەردەوام خۆى تازە بكاتەوەو وەڵامدەرەوەى پرسيارەكانى سەردەم بێت، ئەمەش كرۆكى تازەگەرييە لەئيسلامدا.

تازەگەرى ئيسلامى خاڵى جياوازى بنەڕەتى هەيە لەگەڵ رەوتى تازەگەرى(مۆدێرنيزم)ى رۆژئاوايى، زاناو بيرمەندانى ئيسلام بەچەندين دەربڕين و شێوازى تاڕادەيەك جياواز گوزارشتيان لە پرۆسەى تازەگەرى لەئيسلامدا كردووە كە كۆكەرەوەى هەموو ديدگاكان بريتييە لەگەڕانەوە بۆ بنەماكانى ئيسلام و خوێندنەوەى بابەتيانەى دەقە پيرۆزەكان بەو شێوەيەى (مەقاصيد)و ئامانجەكانى شەريعەتى تيادا بێت.

بەم پێييە تازەگەرى يان تازەكردنەوەى ئايين بريتييە لە: گێڕانەوەى ئايين بەدەق و بنەماكانييەوەو بەميتۆدەكانى تێگەيشتن و لێوەرگرتنەكانيەوە بۆ حاڵەتى يەكەمى كەخواى گەورە دايبەزاندووە، راماڵينى هەموو ئەوانەى لەسەرى كەڵەكە بووە لەرواڵەت و دياردەيەك كە ناوەرۆكەكەى داپۆشيوەو حەقيقەتەكەى شێواندووە([5]).

يان وتراوە تازەگەرى بريتييە لەگێڕانەوەى ئايين بۆ ئەو شێوەيەى سەردەمى پێغەمبەر(h)و گێڕانەوەى خەڵك بۆ سەر ئەو ئايينە وەك چۆن خەڵكى سێ سەدە چاكەكەى سەرەتا لەسەرى رۆيشتوون([6]).

لەرووى زمانەوانييەوە تازە پێچەوانەى كۆنە، واتە لەرووى زمانەوانييەوە شتێك هەيەو حەڵەتێكى خۆى هەيە، بەڵام بەهۆيەكى دەرەكييەوە گۆڕانى بەسەردا هاتووە، بەپرۆسەى گێڕانەوەى بۆ حاڵەتى يەكەمى دەوترێت تازەگەرى يان تازەكردنەوە كە ئەمە زياتر پرۆسەيەكى چاكسازييە.

هەروەها زانايان لەگۆشەنيگاى دژايەتى بيدعەو شێواندنى رەسەنايەتى ئايينييەوە قسەيان لەتازەكردنەوەى ئايين كردووەو وتويانە تازەگەرى بريتييە لە: سڕینه‌وه‌ى بيدعەو زيادكراوەكان و ئاشكراكردنى خاوەنەكانيان و راگەياندنى جەنگ لەدژيان، پاككردنەوەى ئيسلام لەهەموو ئەو نەريتە نەفاميانەى پێيەوە هەڵواسراوەو گێڕانەوەى بۆ ئەو حاڵەتەى لەسەردەمى پێغەمبەر(h)و هاوەڵانى لەسەرى بووە([7]).

كەواتە تازەگەرى گۆڕانكارى شتێك بەشتێكى تر نييە وەك لەمۆدێرنێتەى ئەوروپيدا، هەر ئەمەشە تازەگەرى ئيسلامى لە مۆدێرنێتە جيا دەكاتەوە، كەئەوەى دووەميان حاڵەتى دابڕانى تەواو دروست دەكات لەگەڵ رابردووى خۆيداو ئەوەى دەيكات گۆڕانكارى رەهايە لەسەر بنەماى كاردانەوە.

ئيسلام لەسەرەتاى هاتنى و دواى ئەوەى لەيەكەم بانگەوازيدا رووبەرووى نەفامى و ئەهلى شيرك بوويەوە، بەڵام بەو رەهاييە دژى هەموو شتێكى پێش خۆى نەبوويەوە، بەڵكو شتە چاكەكانى دووپات كردەوەو دژى خراپەو دياردە سەلبييەكان بوويەوە، ئەوەى پێغەمبەر كردى كاردانەوە نەبوو كە تەڕو وشكى پێ بسووتێت، بەڵكو چاكسازى و لەزۆربەى حاڵەتەكاندا تازەگەرى و دووپاتكردنەوەو بنياتنانەوەى رەفتارە باشەكانى رابردوو بوو.

لەم بارەيەوە نموونەى زۆر لەژيانى پێغەمبەرماندا(h)هەيە، وەك دەفەرموێ: (إِنَّمَا بُعِثْتُ لأُتَمِّمَ صَالِحَ الأَخْلاَقِ)([8])، واتە نێردراوم بۆ تەواوكردنى رەوشتە باشەكان، پێش ئيسلاميش ئەخلاقى بەرزو باش لەكۆمەڵگەى جاهيليدا هەر هەبووەو پەيامى پيرۆزى ئيسلام بۆ چەسپاندنى ئەو رەفتارە ئيجابيانە هاتووە نەك لەكاردانەوەى ئينحرافى ئايينى و عەقائيدى كۆمەڵگەدا باش و خراپ بەيەك چاو سەير بكات، تازەگەرى پێغەمبەرانەو ئيسلاميانە ئەوەيە باشەكان بچەسپێنێت، خراپەكان لەريشەوە هەڵتەكێنێت، ئەوانەشى دەكرێت راست بكرێنەوە بخرێنەوە سەر رەوتە ئاساييەكەى خۆيان و تازە بكرێنەوە. 

تازەگەرى ئيسلامى بريتى نييە لە گۆڕين و رەتكردنەوەو تێپەڕاندنى دەقێك، بەڵكو بريتييە لە تێگەيشتنى راست و دروستى نوێ لەدەق، تێگەيشتنێك كە رێنموونى موسوڵمان بكات بۆ چارەسەرى كێشەو دۆزەكانى واقيعەكەى لەو سەردەمەدا كەتيايدا دەژى، چارەسەرێك كە لەوەحيەوە سەرچاوەى گرتبێت([9]).

تا ئێرە ئەركى پێغەمبەرە(h)كە چەمكەكان راست بكاتەوە لەگۆشەيەكەوە بەزمانى ئێستا(راديكال) بێت و لەگۆشەيەكيترەوە (تازەگەرو چاكساز)،  هەموو ئەوانەشى لەچوارچێوەى وەحى و پەيامى ئيلاهيدا ئەنجام داوە: [وَمَا يَنطِقُ عَنِ الْهَوَىٰ . إِنْ هُوَ إِلَّا وَحْيٌ يُوحَىٰ]([10]).

ئامرازى تازەگەرى لەفيكرى ئايينيدا پێش پێغەمبەر موحەمەد(h)تەنها وابەستە بووە بە پێغەمبەرانەوە، پێغەمبەران بەدواى يەكتردا هاتوون و هەريەكەيان پەيامى براكەى پێش خۆى پشتڕاست كردووەتەوەو شەريعەتەكەى پەرەپێداوە بەشێوەيەك كە لەگەڵ پەرەسەندن و گەشەكردنى رۆژگارەكەدا بگونجێت، بەڵام دواى هاتنى دواين پەيام پرسەكە يەكلا بوويەوە بۆ زانايان و كۆمەڵى موسوڵمانان([11]).

بەڵام خۆ ئيسلام تەنها پەيوەست نييە بەسەردەمى پێغەمبەرەوە، بەڵكو ئايينێكە بۆ هەموو سەردەم و جێگايەك تا رۆژى دوايى، ئايين و پێغەمبەريترى بەدوادا نايەت تا تازەگەرى و چاكسازى لەو چەمكانەدا بكات كە لەواتاو مەبەستى خۆيان لادراون، يان بۆ وەڵامدانەوەى پرسيارى نوێى رۆژ پێويستە تەفسيرو خوێندنەوەى نوێ بۆ هەندێ لەدەقەكان بكرێت؟ كەواتە بۆ دواى سەردەمى وەحى چۆن ئەم پرۆسەيە بەردەوام بێت؟.

لەناو جەنجاڵى و ئافاتەكانى عەقڵ و بيرو فيتنەكانى شەيتانيشدا ئەم دواپەيامەش دووچارى لاوازى و نامۆبوون  بووەو موسوڵمانان لەهەندێ لەوێستگەكانى ژيانياندا تووشى لادان و گەڕانەوە بۆ هەندێ نەريتى نەفامى دەبن، بەم هۆيانەشەوە بەناوى ئيسلام و لەسێبەرى ئاييندا هەندێ رەفتار پيادە دەكرێت كە پەيوەندييان بەئايينەوە نييە، بيدعەو زيادەرەوى و كەمڕەوى و كەمتەرخەمى لەئەداكردن و پيادەكردنى ئاييندا گرفتى گەورەو بەردەوامى بەردەم پەيامى پيرۆزى ئيسلامە، بۆيە بەردەوام زانايان و بانگخوازان و كۆمەڵێك لەوانەى زانست و ئاگايى و شارەزاييان لە پەيامە رەسەنەكەى ئيسلام هەيە كار دەكەن بۆ راماڵينى ئەو گرفتانەو نوێكردنەوەى ئيسلام بەخودى ئيسلام.

پێغەمبەرى ئيسلام لەفەرموودەيەكى پيرۆزى خۆيدا مژدەى ئەوە دەدات كە خواى گەورە سەرى هەموو سەدەيەك تازەگەرێك(مجدد) يان كۆمەڵێك تازەگەر بۆ تازەكردنەوەى ئايينى ئەم ئوممەتە دەنێرێت كە ديارە ئەوانە لەخودى هەڵگرانى ئەم پەيامە پيرۆزەن:(إنَّ اللهَ يَبْعَثُ لهذه الأمَّةِ على رأسِ كلِّ مِائةِ سنةٍ مَنْ يجدِّد لها دينَها)([12]).

لەدواى ئەو ژمارە زۆرە لەپێغەمبەران ويستى خواى گەورە وابووە بەهاتنى موحەمەد(h)كۆتايى پێ بهێنێت و بيكاتە دوايين فرستادەى خۆى بۆ سەر زەوى، پەيام و ئايينەكەيشى بۆ هەزاران ساڵ بمێنێتەوە تا رۆژى دوايى، بۆ لادان و جارێكيتر دوورنەكەوتنەوەى باوەڕداران و نەتەوەى ئيسلام لەراستە ڕێگاى رێنموونى خواى گەورە بەناردنى كۆمەڵێك تازەگەرو تازەكەرەوەى رەوتى ئاييندارى قەرەبووى نەناردنەوەى پێغەمبەران بكاتەوەو بەوانە ئايين بگێڕێتەوە بۆ ناو گرێژنە رەسەنەكەى خۆى.

بێگومان دەقەكان سنووردارن و پێشهات و رووداوەكان زۆرو مەودا فراوانن، بۆيە دابەزاندنەوەى دەقەكان بۆ سەر واقيعى نوێ بەتێگەيشتنى نوێ و لەڕێگاى ئيجتيهادى زانستى و بابەتييەوە پێويستەو بەم پرۆسە بەردەوامەش مەقولەكانى(ئيسلام گونجاوە بۆ هەموو سەردەم و رۆژگارێك) و (حوكمەكان دەگۆڕێن بەگۆڕينى كات و سەردەم) پراكتيك دەبێت.

{إِنَّ اللَّهَ يَبْعَثُ لِهَذِهِ الْأُمَّةِ عَلَى رَأْسِ كُلِّ مِائَةِ عام مَنْ يُجَدِّدُ لَهَا دِينَهَا} وشەى{مَن} لەم فەرموودەيەدا بۆ تاك و بۆ كۆمەڵ بەكاردێت، لەفەرموودەيەكيتردا هاتووە: (لاتَزَالُ طَائِفَةٌ مِنْ أُمَّتِي قَائِمَةً بِأَمْرِ اللَّهِ لَا يَضُرُّهُمْ مَنْ خَذَلَهُمْ أَوْ خَالَفَهُمْ حَتَّى يَأْتِيَ أَمْرُ اللَّهِ وَهُمْ ظَاهِرُونَ عَلَى النَّاسِ)([13])، ئەم فەرموودانە دەلالەتى بابەتى زۆريان تيايە بۆ سەردەمى دواى وەحى.

دەكرێت تازەگەرەكان تاكێكى زاناو هەڵكەوتوو بێت لە جوگرافيايەكى دياريكراوداو كاريگەرى لەسەر كۆمەڵگە موسڵمانەكان هەبێت، يان چەند كەسێكى زاناى تازەگەربێت و هەر يەكەيان لەجێگاو جوگرافياى خۆيانەوە ئەداى پرۆسەى تازەگەرى ئايينى بكەن، هەروەها دەكرێت تازەگەرو زاناو بيرمەندەكانى ئيسلام كۆمەڵێك بن و لەچوارچێوەى دامەزراوەيەكى ئايينيدا ئەم كارە بكەن. بزاوتى تازەگەرى ئايينيش پەيوەست نييە بەيەك شوێنەوە، دەكرێت لەيەك كاتدا چەندين بيريارو فەقيهو موجتەهيدى ئيسلامى كار لەسەر تازەكردنەوەى ئايين و بوژاندنەوەى بزووتنەوەى بێدارى ئيسلامى بكەن..

هەروەها دەكرێت بزاوتى تازەگەرى و هەوڵى تازەگەرەكان لەبوارێك لەبوارەكانى ئايين و ژياندابێت كە لادان و ئينحيرافى ئايينى تيايدا رووى دابێت، بۆ ئەم سەردەمەش ئەمەيان كارپێكراوترە كە پسپۆڕييەكان جيا بكرێنەوە، چونكە ئيشكال و پرسيارەكانى رۆژ زۆر زياترن لەرابردوو.

كەواتە سەردەمى نوێى جيهانگيرى و گولۆباليزم لەهەموو روويەكەوە كارئاسانى كردووە بۆ بانگەوازى ئيسلامى و پرۆسەى تازەگەرى ئايينى، هەموو رێبازو ميتۆدە هاوچەرخەكان و تەكنەلۆژياى نوێ لەخزمەتى ئيسلامدايە، دۆخەكە وا پێشهاتووە وەك ئەوەى ئيسلام بۆ ئەم سەردەمە هاتبێت و رابردووى ئەم ئايينە زەمينەسازى بووبێت بۆ ئەمڕۆ.

ئەوەى گرنگە لەبابەتى تازەگەرى ئيسلاميدا رەچاوكردنى پرانسيپ و پێوەرە ئايينييەكانەو پابەندى تازەگەرو موجتەهيدەكانە بەو بنە ئوصولييانەوە كە پارێزەرى دەقەكانن لەخراپ بەكارهێنان، ديارە دەقەكانى ئايين كە قورئان و فەرموودەيە تايبەتمەندى خۆيان هەيەو بەكەرەسەو ئامرازى خۆيان مامەڵەيان لەگەڵدا دەكرێت، بەتايبەتى دەقى پيرۆزى قورئان هەستيارەو هەندێكيان بنەمان و لەهەموو كاتێكدا نەگۆڕو چەسپاون، ئەوانيتريش زياتر لەواتاو حوكمێكيان لێ وەردەگيرێت و بەشێوازى خۆيان دەبنە سەرچاوەى حوكمە شەرعييەكان بۆ واقيع و زەمينە جياوازو گۆڕاوەكان.

نەگۆڕ لەئيسلامدا ئەوانەيە كە كات و شوێن و رۆژگار كاريگەرى لەسەريان نييەو نايانگۆڕێت و نابنە بابەتى ئيجتيهاد، حوكمەكانيان چەسپاوەو وەك خۆيان دەمێننەوە ژيان بەهەر شێوازو هۆكارێك گۆڕانكارى بەسەردا بێت، چونكە ئەو بەرژەوەنديانەى لەحوكمەكانياندا رەچاو كراون نەگۆڕو چەسپاون، ديارە ئەوەى بەرژەوەندييەكانيان نەگۆڕبێت حوكمەكانيشيان نەگۆڕن، ئەم نەگۆڕانەش بريتين لەبنەماو هێڵە گشتييەكانى شەريعەت، ئەوانە لەهەموو حاڵەتێكدا دەبنە رێنموونى بۆ مامەڵە لەگەڵ واقيعى گۆڕاوى ژيانيش.

ئەگەر هەموو شتێك لەئيسلامدا قابيلى گۆڕان بێت، لەكۆتاييدا شتێك نامێنێتەوە ئيسلام و غەيرى ئيسلام لەيەكتر جيا بكاتەوە، نەگۆڕەكانى ئيسلام پەيوەستن بەسروشتى نەگۆڕى مرۆڤ و ژيانەوە، ئەوان بريتين لەبەشە چەسپاوەكەى مرۆڤايەتى و ژينگە مرۆيى و كۆمەڵايەتييەكەى، بۆيە بۆ هەر گۆڕانكارييەك دەبێت نەگۆڕەكان بكرێنە پێوەرو بنەما، چونكە گەڕانەوە بۆ نەگۆڕەكانى ئيسلام گەڕانەوەيە بۆ سروشتى رەسەنى ژيان و جەوهەرى مرۆڤايەتى و زەمينە هاوبەشەكەى كۆمەڵگەى مرۆيى، لەم سۆنگەيەوە زانايان و تازەگەرەكانى ئيسلام بزاوتى تازەگەرى و نوێكردنەوەى ئيسلام و شەريعەتيان بەرپا كردووە.

بەشێك لەنەگۆڕەكانيش پەەيوەندييان بە بيروباوەڕو ئيمان و هەواڵە غەيبييەكانەوە هەيە، ئەوانە بريتين لەكرۆكى ئايين و لەهيچ بارودۆخێكدا كات و شوێن گۆڕانكارييان بەسەردا ناهێنێت، بەشە نەگۆڕەكەيترى ئيسلام و دەقە پيرۆزەكانى پەيوەندى بەژيان و كاروبارەكانى مرۆڤەوە هەيەو بە بەراورد بەو پانتاييەى بوارى ئيجتيهاد و گۆڕانكارى شوێنكاتى تيادا رەخساوە زۆر كەمە، بەڵام كەمێكى گرنگ و كاريگەرە.

تازەگەرى لەفيكرو فيقهى ئيسلاميدا نابێت دابڕاوبێت لەوەحى، يەكێك لە بەڵاكانى گيانى گشت ئايينەكان وەك دكتۆر حەسن تورابى دەڵێت دابڕانى بزاوتى فيكرو بيركردنەوەى شوێنكەوتووەكانيان بووە لەوەحى، تايبەتمەندى ديارى ئايينەكان بريتييە لەوەى وەحيە و دروستكراوى مرۆڤ نين، بەڵاى گيانى ئايينەكانيش هەژموونى دۆخە مرۆييەكەيە بەسەر بنەما ئاسمانييەكەيدا كەوەحيە([14]).

يەكێك لەتايبەتمەندييەكانى ئيسلام نەرمى و كرانەوەى شەريعەتەكەيەتى كە دەتوانێت بەردەوام رووبەڕووى پێشهات و گۆڕانكارييە نوێيەكان ببێتەوەو دەوڵەمەندى و گەشەو زيندويەتى تيادا دروست بكات، ئەو ئەحكامانەى كە بەپێى (زەمان و مەكان) گۆڕانكارييان بەسەردا دێت بريتين لە: ئەوانەى پەيوەست كراون بە هۆكارو پاساوەكانيانەوە، كاتێك ئەو هۆكارانە دەگۆڕێن و وەرچەرخان لەواقيعەكەدا دەخوڵقێت حوكمەكانيش گۆڕانكارييان بەسەردا دێت، بۆيە هەرگيز ناگونجێت جياوازى هەبێت لەحوكمێكى شەرعيدا كە تايبەت بێت بە دوو بارودۆخى وەك يەك كە لەعيللەت و هۆكاردا هاوبەش بن.

موسڵمانان دەبێت لەگەڵ پێشكەوتنى ژيان و كرانەوەى كۆمەڵگەكان و ئاسانكارى لەئامرازە خزمەتگوزارييەكاندا باشتر گەشە بەفيكرو مومارەسەى هەمەلايەنەى خۆيان بدەن و ببنە نموونەى باڵا لەهەموو بوارەكاندا، تەنانەت گەشە بەمومارەسەى ناوازەى سەردەمى هاوەڵان و ئەزموونى پێشينى ئەم ئوممەتەش بدەن، بۆ نموونە لەسەردەمێكدا كە هۆكارو ئامرازەكانى پەيوەندى و گەياندن و بەيەكگەيشتن لاوازو سەرەتايى و كەم مەودا بووەو بەهۆيەوە بيروڕاى تاك و گروپێكى بچووك باڵادەست بووە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوەڵان و پێشينى باشى ئەم نەتەوەيە بەپێى ئەو زەمينە بەرتەسكەى خۆيان و ئەوەندەى كەدەنگيان بەيەك گەيشتووە كۆمەڵگەيەكى پڕ لەراوێژو دەسەڵاتێكى شورايى باشيان بنيات نابوو كە بۆ ئەو رۆژگارە نموونەى نەبووە، بەڵام ئێستا كەسەردەمى پێشكەوتنى تەكنەلۆژى و ئامرازە سەرسوڕهێنەرەكانى پەيوەندى و بەيەكگەيشتن و راگۆڕينەوەيە دەبينين شورا لەناو موسوڵماناندا غيابى تەواوى هەيەو تاكڕەوى لەسەر ئاستى كۆمەڵگەو دكتاتۆريەت لەسەر ئاستى سياسى و حوكمڕانى بووەتە سيماى كۆمەڵگە ئيسلامييەكان.

ئەوەى لێرەدا دەمەوێ ئاماژەيەكى بۆ بكەم ئەو هەوڵانەيە كە بەناوى مۆدێرنێتەى ئيسلامييەوە دەدرێت بەمەبەستى گونجاندنى ئيسلام لەگەڵ بەهاكانى شارستانيەتى رۆژئاوا، لەم نێوەندەشدا هيچ پێوەرو بنەمايەكى ئايينى رەچاو ناكرێت و بەهەمان ئامرازو ميتۆدى تازەگەرى ئەوروپى ئيسلام دەخوێننەوە، دەرەنجامى ئەم جۆرە لەخوێندنەوەو تازەگەرى هيچ پەيوەندييەكى بەئيسلامەوە نييەو جۆرێكە لەپاشكۆيەتى و غەزووى فيكرى بەناوى ئيسلامەوە ئەنجام دەدرێت.

ئيسلام لەناو خودى مەنزومە فيقهى و ئوصولييەكەيدا دەوڵەمەندە بەچەندين قاعيدەى ئوصولى كە پێوەرو بنەماى كاريگەرو ئاسانن بۆ تازەگەرى و وەڵامى پرس و پرسيارەكانى رۆژ، هەموو بنەما ئوصولييەكانيش بۆ هێنانەدى بەرژەوەندى خەڵك و لادانى زيانە لەسەر ژيان و ماڵ و عەقڵ و نەژاد و ئابڕوويان.

هەموو ئەو جياوازيانەى لەنێوان تازەگەرى ئيسلامى و مۆدێرنيزمى ئەوروپيدا هەيە بەو واتايە نييە كەخاڵى هاوبەش لەنێوان ئەم دوو رەوتەدا نييە، يان رەوتە ئەوروپييەكە هەمووى خراپە، نەخێر، ئيسلام وەك چۆن بەو رەهاييە مامەڵەى لەگەڵ بەهاو نەريت و رەفتارەكانى كۆمەڵگەى نەفاميدا نەكردووە لەگەڵ رەوت رێبازو ژيارەكانى تريشدا لەهيچ قۆناغێكدا نايكات، بەتايبەتى ژيارى ئەوروپى و مۆدێرنيزمى رۆژئاوايى، چونكە دواجار هەموو ئەوانە دەستكەوتى مرۆڤەو ئەم مرۆڤەش بەو عەقڵەى خواى گەورە پێى داوە لەهەموو حاڵەتێكدا دابڕاو نابێت لەكارى باش و حەكيمانە، ئيسلاميش هۆگرى دانايى و حيكمەتە لەهەركوێ بێت: (الحكمة ضالة المؤمنانى وجدها فهو احق الناس بها)([15]).

په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان:

 ([1])آل عمران:٥٠.

 ([2])الأعراف:١٥٧. 

 ([3])المائدة:١٥.

 ([4])المائدة:٣.

 ([5])التجديد في الفكر الإسلامي، د.عدنان محمد أمامة، دار ابن الجوزي، الطبعة الأولى، ١٤٢٤هـ، ص٦.

 ([6])هەمان سەرچاوە، ل٢٣.

 ([7])التجديد في الفكر الإسلامي، د.عدنان محمد أمامة، دار ابن الجوزي، الطبعة الأولى، ١٤٢٤هـ، ص١٧.

 ([8])ئەم فەرموودەيە ئيبن سەعد لە(الطبقات) و بوخارى لە(الأدب) و حاكم لە(المستدرك)دا هێناويانە.

 ([9])التجديد في الفكر اڵسلامي، د.عدنان محمد أمامة، دار ابن الجوزي، الطبعة الأولى، ١٤٢٤هـ، ص١٨.

 ([10])النجم:٣-٤.

 ([11])التجديد في الفكر الإسلامي، د.حسن الترابي، ص١٨.

 ([12] رواه أبو داودَ في (سننه) لەفەرموودەكانى ئەبوهورەيرە بەسەنەدى(صحيح)ەوە.

 ([13])رواه البخاري.

 ([14])بڕوانە: التجديد في الفكر الإسلامي، د.حسن الترابي، ص٤.

 ([15])رواه ابن حبان.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

Post Top Ad

Your Ad Spot

سەرەكى لاى خوارەوە