بەناوى خواى گەورەو ميهرەبان

سەردێڕ

Post Top Ad

Your Ad Spot

الاثنين، 28 يونيو 2021

قورئانییەکان و تەحریمی بەقۆناغی مەیخواردنەوە

 کامیل مەحمود

ئەو برادەرانەی کەخۆیان وەک قورئانی نمایش دەکەن و دژایەتی فەرمووردەو سەرجەم توراسی ئیسلامی دەکەن، ناوبەناو دەست دەبەن بۆ هەندێ ئایەت و بەمیزاجی خۆیان مانای بۆ دادەتاشن نەک تەفسیری بکەن، وەک عادەتیان لەبری مانای ئایەتەکان سەرەتا وشەیەکی سەرەکی ناو ئایەتەکە دەردێنن و بەناو زمانی عەرەبیدا دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەی مانایەک کەمەرام و مەبەستەکەی خۆیانی پێ بهێننە دی، بەو پێیەی وشەکانی زمانی عەرەبی دەوڵەمەندە لەفرەواتاییدا، بەمەش لەکردەیەکی نازانستی و نەگونجاودا وشەکان لەسیاقە قورئانییەکان جیا دەکەنەوە بۆ مەرام و مەبەستی خۆیان، یەکێک لەحوکم و بابەتە قورئانییەکان حەرامبوونی مەی و عەرەقە بە چەند قۆناغێک، کە ئەمە میکانیزمێکی بابەتی و گونجاوە بۆ بنەبڕکردنی ڕەفتارو دیاردەیەک کە لەناو کۆمەڵگەدا ڕیشەدارو چەسپاو بێت، مەیخواردنەوەش یەکێک بووە لەدیاردەو ڕەفتارە بەربڵاوەکانی ناو کۆمەڵگەی نەفامی، بنەبڕکردنیشی وەک زۆر دیاردەی تری ناو کۆمەگە ئاسان نەبووە، بۆیە مامەڵەکردنی قورئان لەگەڵ ئەم جۆرە دیاردانە بەپێی سرووشتی بابەتە حەرامکراوەکە و کاریگەری لەسەر تاک یان کۆمەڵگە بووە، واتە قورئان مامەڵەیەکی واقیعی و بەپێی تواناو سروشتی مرۆڤەکان کردووە، تەنها مەیخواردنەوەش نەبووە، دیاردەیتریش هەبووە  بە هاتنەخوارەوەی ئایەتیش لەیەکەمجاردا بنەبڕ نەبووەو شوێنەواری ماوە، دواتر بەئالیەتێکیترو ئایەتی دووپاتکردنەوەیتر بنەبڕ بووە، وەک دیاردەی تەبەنی(بەکوڕکردنی منداڵی کەسانیتر)، کەیەکەمجار ئایەت دابەزی و خوای گەورە فەرمانی کرد هەر کەسەو بەناوی باوکییەوە بانگ بکرێت(ادْعُوهُمْ لِآبَائِهِمْ هُوَ أَقْسَطُ عِنْدَ اللَّهِ ۚ فَإِنْ لَمْ تَعْلَمُوا آبَاءَهُمْ فَإِخْوَانُكُمْ فِي الدِّينِ وَمَوَالِيكُمْ..)، بەڵام لەناو خەڵکدا شۆرەتی زەیدی کوڕی محەمەد کۆتایی نەهات تا ئەو کاتەی خوای گەورە فەرمانیکرد هاوسەری پێشووی زەید مارە بکات بۆ ئەوەی کەس نەڵێ زەیدی کوڕی محەمەد و کەسە تەبەنیکراوەکانی وەک زەید بەناوی باوکیانەوە بانگ بکرێن(فَلَمَّا قَضَى زَيْدٌ مِّنْهَا وَطَرًا زَوَّجْنَاكَهَا لِكَيْ لَا يَكُونَ عَلَی الْمُؤْمِنِينَ حَرَجٌ فِي أَزْوَاجِ أَدْعِيَائِهِمْ إِذَا قَضَوْا مِنْهُنَّ وَطَرًا وَكَانَ أَمْرُ اللَّهِ مَفْعُولًا)، بگرە هەندێ دیاردە هەیە قورئان بەقەتعی و بەئایەتێک یان چەند ئایەتێک ڕاستەوخۆ حەرامی نەکرد، بەڵکو زەمینەی بۆ کەمکردنەوەو بنەبڕکردنی خۆش کرد، ئەویش کۆیلەو کۆیلایەتی بوو، حەرامکردنی خێرا یان بەقۆناغ وەک حەرمکراوەکانیتر بۆ مامەڵە لەگەڵ کۆیلە گونجاو نەبوو، کۆمەڵگەی نەفامی لەسەر سیستمی کۆیلایەتی بینا کرابوو، هەڵوەشاندنەوەی ئەم سیستمە فەوزا و فیتنەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی بەدوادا دەهات، بۆیە قورئان هات دۆخی ژیانی کۆیلەکانی گۆڕی و نزیکیکردنەوە لەئازادی و مرۆڤبوونی بۆ گێڕانەوەو مافی ژیان و نیشتەجێکردن و خواردن و پۆشاک و تەنانەت پێکەوەنانی خێزانی بۆ دابینکردن، پاشان ئازادکردنی کۆیلەی کردە یەکێک لەکردەوە ئیمانییە باشەکان و کەفارەتی هەندێ لەگوناهەکانیش، بەم شێوەیە سیستمەکە هەڵوەشایەوەو ڕۆژگاریش بوویە بەشێک لەچارەسەرو کۆیلایەتی لەناو کۆمەڵگە موسڵمانەکاندا پێش کۆمەڵگەکانیتر کۆتایی هات.

دەربارەی مەی و عەرەقیش ئەو برادەرە (مایسمی) قورئانیانە قۆناغبەندی حەرامکردنی ڕەت دەکەنەوەو هاتوون بەمیزاجی خۆیان ئەم ئایەتە پیرۆزەیان مانا کردووە کە لەقۆناغێکدا باس لەکاتی نوێژ و میخواردنەوە دەکات کەپێکەوە نەبن:(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لا تَقْرَبُوا الصَّلاةَ وَأَنْتُمْ سُكَارَى حَتَّى تَعْلَمُوا مَا تَقُولُونَ)، وەک نەریتیان وشەی سەرەکی ناو ئایەتەکەیان دەرهێناوە کە(سکاری)یەو لەناو فەرهەنگی عەرەبیدا گەڕاون و واتایەکیان بۆ دۆزیوەتەوە کە لەگەڵ مەرامەکەی خۆیاندا بگونجێت، ئەویش واتای بێ ئاگایی و بێهۆشیە، واتە وەک ئەوان مانای ئایەتەکە دەکەن ئەگەر بەتەواوی ئاگاو هۆشتان لای خۆتان نەبوو بەهەر هۆیەکەوە بێت نزیکی نوێژ مەکەونەوە. 

پاساویشیان بۆ ئەمە وەک دەڵێن: (ئه‌رێ ده‌چێته‌ عه‌قڵی كێ ئه‌و مه‌زنه‌ پیاوانه‌ له‌ (إثم)نه‌گه‌ڕابنه‌وه‌ و خه‌ریكی مه‌شرووب و سه‌رخۆشی بووبن..خودا بناسن و ده‌رهه‌ق به‌و مرۆڤه‌ مه‌زنانه‌ چیتر بوهتان مه‌كه‌ن).

تەماشای ئەم وەسف و سەنا مەرامدارەی ئێرە بکەن لەکاتێکدا هەر خۆیان هەمیشە گومانیان لەسەر عەدل و ڕاستگۆیی ئەو مەزنە پیاوانە دروست کردووە بۆ ڕەتکردنەوەی هەموو ڕیوایاتەکانیان لەپێغەمبەرەوە صلی اللە علیه وسلم!.

ئەوان کۆمەڵێ ئایەتیتریان هێناوە کەوشەی (سکاری)ی تیایەو هەندێک لەو وشانەیان لەسیاقی خۆیدا واتا کردووە ئەگەر مانای سەر خۆشی نەگەیاندبێت و ئامانجەکەی ئەوانی تیابووبێت، بەڵام ئەوانیتریان گێڕاوەتەوە بۆ واتایتری خواستی خۆیان، لەکاتێکدا لەهەموو شوێنەکانیتریشدا وشەکە هەر وەک تەشبیهو لێکچواندنی سەرخۆش هاتوون، بۆ نموونە:(لَعَمْرُكَ إِنَّهُمْ لَفِي سَكْرَتِهِمْ يَعْمَهُونَ)الحج:۷۲، (يَوْمَ تَرَوْنَهَا تَذْهَلُ كُلُّ مُرْضِعَةٍ عَمَّا أَرْضَعَتْ وَتَضَعُ كُلُّ ذَاتِ حَمْلٍ حَمْلَهَا وَتَرَى النَّاسَ سُكَارَى وَمَا هُمْ بِسُكَارَى وَلَكِنَّ عَذَابَ اللَّهِ شَدِيد)الحج:۲.

دیارە خۆ لێرەشدا هەر تەشبیهەکە بەسەرخۆش و مەیخۆر کراوە، کاتێک ئایەتەکە باسی مەشهەدی قیامەت ئەکات ئەفەرموێ خەڵکەکە وەک سەرخۆش وان لەکاتێکدا کەسەرخۆشیش نین چونکە نەیانخواردووەتەوە، بەڵکو حاڵەکەیان وای لێهاتووە(وماهم بسکاری).

یەکێک لەواقیعیترین مامەڵەی قورئان لەگەڵ مرۆڤدا چۆنیەتی مامەڵەکردنیەتی لەگەڵ سروشت و تواناکانیدا کە لەکاتی تەکلیفدا دۆزەکەی بۆ ئاسایی بکاتەوە نەک لەسەری گران بکات(يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ)البقرة:۱۸٥،(لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا)البقرة:۲۸٦.

ئیتر پێویست بەو خەم و فرمێسکەی ئەم برادەرانە ناکات بۆ ئیمانی سەحابە، چونکە ئەوان پێش ئەوەی باوەڕ بێنن لەناو کۆمەڵگەیەکی ئالوودە بەمەیدا ژیاون و ژینگەکەیان وابووەو نابێتە تەعن لەسەر ئیمانی ئەوان، مامەڵەکردن و چارەسەری ئیدمان و ئالودەبوونیش لەم سەردەمەشدا هەر بەو شێوە تەندروست و زانستیە قۆناغبەندیە دەکرێت کەقورئان پێش ۱٤۰۰ساڵ کردوویەتی، ئێستاش لەنەخۆشخانەکاندا چارەسەری ئالوودەبوون هەر بەقۆناغ و لەژێر چاودێری پزیشکدا دەکرێت، چونکە ئالوودبوون نەخۆشیەو بەهۆی مەی و مادەی هۆشبەرەوە مرۆڤ تووشی دەبێ، قورئانیش هاتووە چارەسەری ئەو نەخۆشیە بکات بەقەدەغەکردنی مەی لەنەخۆشەکە، واتە لەکۆمەڵگە نەخۆشەکە کەپێش ئیسلام تووشی بووە، باشە دەبێت شێوازی حەرامکردنی خواردنی گۆشتی بەراز یان غەیبەتکردن یان قەتڵ وەک مەیخواردنەوە وابێت؟ کە ئەوانەی یەکەم بەیەک قۆناغ و دەستبەجێ حرام کراون، بەڵام مەیخواردنەوەکە چونکە لێگرتنەوەی خێرای بەیەکجار دەرهاوێشتەی خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤەکە دەبێت وەک حەرامکراوەکانیتر قەدەغە نەکراوەو شێوازیتری شێنەیی بۆ بەکارهاتووە، تەنانەت حەرامکردنی سووخۆریش(ربا) وەک مەیخواردنەوە بەقۆناغ حەرام کراوە، سوو سیستمی ئابووری کۆمەڵگەی جاهیلی لەسەر دامەزرابوو بۆیە حەرامکردنی وەک نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتی بەرنامەو قۆناغ و حیکمەتی دەویست وەک چۆن چارەسەری نەخۆشیە جەستەیی و دەروونیە مرۆییەکەش بەهۆی ئالوودەبوونەوە قۆناغ و پلان و حیکمەتی دەویست، خوای گەورەش خاوەنی حیکمەتی ڕەهاو موتڵەقە.  بۆ قۆناغەکانی تەحریمی مەی سەرنج بدەن:

قورئان یەکەمجار و پێش حەرامکرنی بەئوسلوبی ئامانجداری خۆی پێناس و سرووشتی مەی بەیان دەکات:(يَسْأَلُونَكَ عَنِ الْخَمْرِ وَالْمَيْسِرِ قُلْ فِيهِمَا إِثْمٌ كَبِيرٌ وَمَنَافِعُ لِلنَّاسِ وَإِثْمُهُمَا أَكْبَرُ مِنْ نَفْعِهِمَا وَيَسْأَلُونَكَ مَاذَا يُنْفِقُونَ قُلِ الْعَفْوَ كَذَلِكَ يُبَيِّنُ اللَّهُ لَكُمُ الْآيَاتِ لَعَلَّكُمْ تَتَفَكَّرُونَ)البقرة:۲۱۹. لێرەوە بەشێک لەباوەڕداران وازیان لەمەیخواردنەوە هێنا کە بینییان قورئان دەفەرموێ زیانی لەسوودی زیاترە، پاشان لەقۆناغی دووەمدا وابەستەی کرد بەگەورەترین عیبادەتەوە کەنویژەو فەرمووی بەسەرخۆشی نزیکی نوێژ مەکەونەوە:(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لا تَقْرَبُوا الصَّلاةَ وَأَنْتُمْ سُكَارَى حَتَّى تَعْلَمُوا مَا تَقُولُونَ)، لێرەشدا زۆرێک لەهاوەڵان وازیان لەمەیخواردنەوە هێنا کە زانیان بێ ئاگایان دەکا لەنوێژو یادی خوا، بەناو قورئانییەکان کە بێ ئاگان لەحیکمەت و واقیعبینی قورئان دەڵێن ئەگەر مەبەست لە(سکاری) مەیخواردنەوەو سەرخۆشی بێت هاوەڵان چۆن خۆیان پاراستووەو هەر دەبێ نوێژێکیان فەوتابێت، بۆ نموونە ئەگە دوای نوێژی بەیانی خواردبێتیانەوە تانیوەڕۆ بەری نەداون و نوێژی نیوەڕۆیان فەوتاوە، هەروەها دوای نیوەڕۆش عەسریان فەوتاوەو بۆ نوێژەکانیتریش بەهەمان شێوە، بەڵام لەیادی دەکەن کە مادام قورئان پێشتر زەمی مەیی کردووەو ئێستاش فەرمان دەکا بەسەرخۆشی نزیکی نوێژ مەبنەوە گومانی تیا نییە کە جارێ لەقۆناغی پێشوودا هەندێکیان وازیان لەمەی هێناوەو هەندێکیشیان کەمیان کردووەتەوە، ئێ خۆ ئەولاتر لەم قۆناغەشدا بەشێکیتر واز دەهێنن و ئەوانیتریش خواردنەوەی کەم و سنووردار دەکەن لەبەر نوێژەکانیان، چونکە ئەگەر ئەوە نەکەن کاریگەری خراپی لەسەر نوێژەکانیان دەبێت، مەیخواردنەوەی هاوەڵانیش بەو شێوەیە نەبووە کە بەناو قورئانییەکان وێنای دەکەن هەمیشە سەریان لەناو مەی و عەرەقدا بووبێت، نەخێر ئەوان پێش حەرامبوونیشی بەو قۆناغبەندیە هەندێکیان هەر مەیخۆر نەبوون وەک سروشتی خۆیان یان وەک چاولێکردن و ئیقتیدا بە پێغەمبەر صلی الله علیه سلم کەنەیانبینیوە هەرگیز مەی بخواتەوە.

دوای ئەو زەمینەسازییە تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ئایینیە کاتی ئەوە هات کە بەیەکجاری مەیخواردنەوە حەرام بکرێ، چونکە سەرەتا قورئان بەقۆناغ چارەسەری ئالوودبوون و ئیدمانەکەی کرد کەنەخۆشییەکی هەستیارو زۆرجار کوشندەیە و جەستەو دەروونی مرۆڤە مەیخۆرەکەی ئامادەکرد کە ئاسان بتوانێت واز لەمەیخواردنەوە بێنێت و وازهێنانەکەی ئاسەواری خراپی لەسەر تەندروستی نەبێت، کۆتا قۆناغ  مەی حەرام کراو خوای گەورە فەرمانی کرد:(يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنَّمَا الْخَمْرُ وَالْمَيْسِرُ وَالْأَنْصَابُ وَالْأَزْلَامُ رِجْسٌ مِنْ عَمَلِ الشَّيْطَانِ فَاجْتَنِبُوهُ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُون)المائدة:۹۰.


ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

Post Top Ad

Your Ad Spot

سەرەكى لاى خوارەوە