بەناوى خواى گەورەو ميهرەبان

سەردێڕ

Post Top Ad

Your Ad Spot

الأحد، 7 مارس 2021

پاپا و قه‌داسه‌ت و حه‌قیقه‌تی عه‌لمانیه‌ت

 كامیل مه‌حمود

به‌پێچه‌وانه‌ی زۆرێك له‌وانه‌ی نێگه‌تیڤانه‌ له‌سه‌ردانی پاپای ڤاتیكان و گه‌رنه‌ڤاڵی پێشوازی هه‌ڵوێستیان پیشان داوه‌ من هاتنی پاپاو ئه‌و هه‌موو شڵه‌ژان و بایه‌خه‌ زۆره‌ به‌ كارێكی باش و خاوه‌ن ده‌لاله‌ت لێی تێ ده‌گه‌م، پاپا هه‌رچی بێت و حه‌قیقه‌تی ئایینه‌كه‌ی له‌ئێستادا چۆن بێت نوێنه‌رایه‌تی لایه‌نی رۆحی مه‌نزومه‌یه‌كی جیهانی و ژیارو كوتله‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌كات كه‌ ئێستا لایه‌نی زاڵی سه‌ر گۆڕه‌پانی جیهانییه‌و ئێمه‌ش به‌هۆی رژێمه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانمانه‌وه‌ پاشكۆ و جه‌سته‌یه‌كی لاوازی به‌ره‌ده‌می ئیراده‌ی ئه‌وانین(وه‌كو دنیای ئیسلام).

پاپا نوێنه‌رایه‌تی شارستانیه‌تی ڕۆژئاوا ده‌كات كه‌ ژیاره‌ نوێیه‌كه‌ی له‌سه‌ر گوایه‌ به‌ته‌واوی له‌سه‌ر عه‌لمانیه‌ت و مادیگه‌رایی و زانست و ده‌رهاوێشته‌كانی ڕاوه‌ستاوه‌ و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ شتێك نییه‌ به‌واتای پیرۆزو موقه‌ده‌س، به‌ڵام له‌ناو هه‌ناوی ئه‌م ژیاره‌ سیكۆلاره‌دا كه‌سێكی خاوه‌ن پێگه‌ی ئایینی ده‌بێته‌ ڕمزی پیرۆزی و قه‌داسه‌ت!.

قه‌داسه‌تی پاپای ڤاتیكان ڕوو له‌هه‌ر كوێیه‌كی دنیا ده‌كات هه‌موو سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كان به‌ئه‌ده‌ب و ڕێزه‌وه‌ له‌حزووریدا ده‌وه‌ستن و كه‌رنه‌ڤاڵی بۆ ساز ده‌كه‌ن، له‌ناو دنیای ئیسلامیشدا سه‌رۆك و سه‌ركرده‌و به‌رپرسه‌ ره‌سمییه‌كان زیاتر له‌هاوئایینه‌كانی پاپا خۆیان بۆ پێشوازی و پیرۆزراگرتنی ده‌شڵه‌ژێنن.. ڕۆژئاوا پێمان ده‌ڵێت دنیای مۆدێرن جێگای موقه‌ده‌س و هیچ كایه‌یه‌كی پیرۆزی تیادا نابێته‌وه‌، به‌ڵام قه‌داسه‌تی پاپای ڤاتیكان له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕوانگه‌ مۆدێرنه‌ی ڕۆژئاواییه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت بكرێته‌ سونبولی پیرۆزی.

پاپا به‌هۆی پێگه‌ ئایینییه‌كه‌یه‌وه‌ ته‌قدیس ده‌كرێت و له‌ئێستاشدا هه‌ژموونی رۆحی به‌سه‌ر مه‌لاین كه‌سی مولته‌زیم و نامولته‌زیمی نه‌سرانی و (مه‌سیحی)یه‌وه‌ هه‌یه‌،  ئه‌وانه‌ش له‌ناو دنیای ئیسلامدا وا له‌رۆژئاوا تێگه‌یشتوون كه پشتی له‌ئایین كردووه‌ یان لائیك و ته‌واو عه‌لمانییه‌و دین هیچ رۆڵێكی له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی و رۆژئاواییدا نه‌ماوه‌، بێگومان دووچاری وه‌همێكی دژوار بوون، چونكه‌ ئه‌وروپا خۆی له‌ نه‌سرانیه‌ت دانه‌بڕیوه‌و شارستانیه‌ته‌ مۆدێرنه‌كه‌شی خۆی به‌ نوێنه‌ری ی دنیای مه‌سیحی ده‌زانێت، توێژه‌ری دیاری فه‌ره‌نسی (ئولیفیه‌ روا) كه‌خاوه‌نی كتێبی: (ئایا ئه‌وروپا مه‌سیحیه‌؟) له‌ به‌شی دووه‌می كتێبه‌كه‌یدا به‌ناونیشانی ئایا به‌عه‌لمانیبوونی ئه‌وروپا دابڕانیه‌تی له‌مه‌سیحیه‌ت؟ پێی وایه‌ شوناسى ئه‌وروپا مه‌سیحیه‌و ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌دووركه‌وتنه‌وه‌و ته‌نانه‌ت بێ باوه‌ڕی خه‌ڵكیشه‌وه‌ نییه‌ به‌ئایینه‌كه‌، به‌ڵكو مه‌سیحیه‌ت شوناسی ئه‌وروپایه‌ باوه‌ڕ له‌اشه‌كشه‌دابێت یان به‌پێچه‌وه‌.

ئه‌ورپییه‌كان وه‌ك فاكته‌ری هێز بۆ ژیارو شارستانیه‌ت و مه‌نزومه‌ی سیاسی و سه‌ربازی و كوتله‌ جیهانییه‌كه‌ی خۆیان له‌ئایین ده‌ڕوانن و ئه‌مه‌ش به‌ئاشكرا به‌ كوتله‌ و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ جیهانییه‌كانیانه‌وه‌ دیاره‌، نموونهكه‌ش‌ی (یه‌كێتی ئه‌وروپا)یه‌ كه‌ به‌یانه‌ی مه‌سیحی ناوده‌برێت و تا ئێستا ئاماده‌ نین وڵاتێكی نامه‌سیحی وه‌ربگرن.

كه‌رنه‌ڤاڵ و شكۆداركردنی كه‌سایه‌تییه‌ ئایینییه‌كان و ره‌مزه‌كانیان و پێگه‌و كاریگه‌رییان به‌هه‌موو تێبینییه‌كیش له‌سه‌ریان ده‌لاله‌تی له‌رزۆكی فیكری عه‌لمانی و مایه‌پووچبوونی هه‌وڵه‌كانی كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی دین له‌ سه‌ر گۆڕه‌پانی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی ده‌گه‌یه‌نێت، پاپا و كه‌نیسه‌ به‌مێژوویه‌كی پڕ له‌شه‌رمه‌زاری به‌رامبه‌ر به‌ هه‌موو هه‌نگاوه‌ عه‌قڵانی و زانستی و مه‌عریفییه‌كان و خاوه‌نی مه‌حاكیمی ته‌فتیش و راوه‌دوونانی ئه‌هلی ئه‌فراندن و بیركردنه‌وه‌ی زانستی ئه‌مڕۆ بووه‌ته‌ قه‌داسه‌ت و سه‌رانی دنیا سه‌ری له‌به‌رده‌مدا نه‌وی ده‌كه‌ن، به‌ڵام جیهانه‌كه‌ی تر خاڵی كراوه‌ له‌قه‌داسه‌ت و وێنایه‌كیتر به‌دین دراوه‌ كه‌ مۆركی پیرۆزی له‌سه‌ر كاڵ كراوه‌ته‌وه‌، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا سه‌رانی ناو دنیای ئیسلام و رژێمه‌كانیان به‌م جۆره‌ كه‌رنه‌ڤاڵانه‌ی پێشوازی له‌پاپای ڤاتیكان فه‌راغی رۆحی و ویژدانی خۆیان وه‌ك رۆژئاواییه‌كان به‌و سونبوله دنیانه‌ پڕ ده‌كه‌نه‌وه‌ یان هۆكارو پاڵنه‌ریتر له‌ئاردا هه‌یه‌؟

بێگومان نه‌خێر پاڵنه‌ری ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی مه‌نزومه‌ نه‌سرانییه‌كه‌ په‌یوه‌ندی تابیع و مه‌تبوعه‌و هه‌ژمونی ژیارو كوتله‌یه‌كی جیهانیی زاڵه‌ به‌سه‌ر ئه‌ویتری ژێرده‌ست و پاشكۆ، كه‌رنه‌ڤاڵ و رێزی سه‌رانی دنیای ئیسلام به‌شێكی بۆ موجامه‌له‌و دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌ له‌ده‌سه‌ڵات و كورسییه‌كانیان، پاپا نوێنه‌رایه‌تی مه‌نزومه‌یه‌كی كۆلۆنیالیستی هاوچه‌رخی زاڵ ده‌كات كه‌ جڵه‌وی كورسی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌روه‌ی خۆیانی له‌ده‌ستدایه‌.

من ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ و ئه‌م شڵه‌ژان و تێپه‌ڕاندنی ئه‌ته‌كێته‌ باوه‌ش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كانی ناو جیهانی ئیسلامی له‌به‌رده‌م پاپا و ته‌نانه‌ت سه‌رۆك سه‌ركرده‌كانی رۆژئاواشدا به‌ئاسایی ده‌زانم بۆ ئه‌م دۆخه‌ی گه‌له‌ بنده‌سته‌كان چونكه بۆ ئه‌وان پارێزگاری له‌ده‌سه‌ڵات و كورسی ئامانجه‌، به‌ڵام بۆ زۆربه‌ی خه‌ڵكه‌ ئاساییه‌كه‌و ته‌نانه‌ت نوخبه‌ دیاره‌كانیش‌(شعور به‌ نه‌قص)پاپامان بۆ ده‌كاته‌ نموونه‌ی باڵاو ره‌مزو كه‌سایه‌تییه‌كانی گه‌لانی ئێمه‌و ‌خودی ئایین وباوه‌ریشمان دیوه‌زمه‌و دابڕاو له‌هه‌موو قه‌داسه‌ت و پیرۆزییه‌ك، ئه‌وان خاوه‌نی مه‌رجه‌عی دینی خۆیانن و ده‌بێت هه‌موو دنیا رێزی لێ بگرێت، به‌ڵام مه‌رجه‌عی دینی بۆ به‌شه‌ بنده‌سته‌كه‌یتری دنیا ده‌ستوه‌ردانه‌ له‌ژیانی گشتی و ئازادییه‌كانی خه‌ڵك!.

راسته‌ بۆ ئێمه‌ی موسڵمان نه‌بوونی مه‌رجه‌ع هۆكاری زاتی و مه‌وزوعی خۆی هه‌یه‌، زاتییه‌كه‌ی ئه‌و شعور به‌نه‌قصه‌ سایكۆلۆژییه‌یه‌ كه‌ دووچاری هه‌موو گه‌له‌ ژێرده‌سته‌كان ده‌بێت، مه‌وزوعییه‌كه‌ش ئه‌و دونیا كۆلۆنیالیستییه‌یه‌ كه‌ پاپای خاوه‌نی مه‌حاكیمی ته‌فتیش ده‌كاته‌ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی ئێستاو دكتۆرزاكیرو قه‌رزاوی ته‌نتاوی و قه‌ره‌داغیش كه‌ به‌زمانی مه‌عریفه‌ و دیالۆگ قسه‌ ده‌كه‌ن راوه‌دوو ده‌نرێن و له‌ڕێی كۆیله‌كانه‌وه‌ له‌به‌رچاوی گه‌له‌كانیان ناشیرین ده‌كرێن ..

سه‌ردان و كه‌رنه‌ڤاڵ و ڕێز و شكۆداری تایبه‌ت به‌هاتنی پاپا بۆ هه‌ر وڵاتێك مایه‌پووچی وه‌هم و خه‌یاڵی كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی ئایینه‌ له‌ناو سه‌حنه‌ی جیهانی و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی، شه‌رمه‌زارییه‌ بۆ سه‌رانی موسڵمان به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی رێز له‌ ره‌مزه‌ دیینییه‌كانی خه‌ڵك ده‌گرن له‌وانه‌ی خۆیانیش نه‌گرن، به‌خێربێت پاپای ڤاتیكان، ده‌كرێت منی موسڵمانیش له‌ململانێی ئیسلامی له‌گه‌ڵ عه‌لمانیدا ئه‌م كه‌رنه‌ڤاڵانه‌ به‌كار بهێنم بۆ ده‌مكوت و رسواكردنی ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی عه‌قڵ و لۆژیكه‌وه‌ بانگه‌شه‌ بۆ كۆتایی رۆڵی ئایین له‌ناو دنیای مۆدیرن و گلۆبالدا ده‌كه‌ن.

كامیل مه‌حمود


ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

Post Top Ad

Your Ad Spot

سەرەكى لاى خوارەوە