بەناوى خواى گەورەو ميهرەبان

سەردێڕ

Post Top Ad

Your Ad Spot

الاثنين، 22 فبراير 2021

بنه‌ما ئیلاهییه‌كه‌ی زمان و مه‌عریفه‌ی مرۆیی

كامیل مه‌حمود


یه‌كێك له‌بوارو بابه‌ته‌كانی فه‌لسه‌فه‌ بریتییه‌ له‌(تیۆری مه‌عریفه Epistemology)‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ باس و توێژینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی مه‌عریفه‌ی مرۆیی، سه‌رچاوه‌كانی، ئامرازه‌كانی، مه‌به‌سته‌كانی.. مه‌به‌ستیش له‌مه‌عریفه‌ دروستبوون و پێكهاتنی وێنای شتێكه‌ له‌ناو عه‌قڵدا، واته‌ ده‌رككردن له‌ناو جیهانی واقیعدا به‌شته‌كان و لێتێگه‌یشتن و هۆشمه‌ندی به‌رامبه‌ریان و وێناكردنیان له‌چوارچێوه‌ی فۆرم و ده‌ربڕینێكی زمانه‌وانیدا..

وتراویشه‌ كه‌ تیۆری مه‌عریفه‌ به‌ده‌ستهێنانی زانست و زانیارییه‌و پرۆسه‌یه‌كی عه‌قڵاییه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانست، هه‌ندێ له‌گه‌ڵ زانستی لۆژیكیشدا تێكه‌ڵیان كردووه‌. هه‌روه‌ها ده‌ڵێن مه‌عریفه‌ی مرۆیی كارلێكی نێوان زات و مه‌وزوعه‌.

زاناو فه‌یله‌سوفه‌ موسڵمانه‌كانیش قسه‌ی خۆیان ده‌رباره‌ی تیۆری مه‌عریفه‌ی مرۆیی هه‌بووه‌و خاوەنى رێبازی تایبه‌تى خۆیان بوون بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی چوارچێوه‌یه‌ك بۆ چه‌مك و سه‌رچاوه‌و ئامرازه‌كانی مه‌عریفه‌، ئه‌وه‌ی رێبازی ئه‌وانی له‌ فه‌لسه‌فه‌ی رۆژئاوایی جیاكردووه‌ته‌وه‌ ئامرازو سه‌رچاوه‌كانی مه‌عریفه‌یه‌ كه‌ زانا موسڵمانه‌كان جگه‌ له‌عه‌قڵ و هه‌ست و ئه‌زموونی مرۆیی پێگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ریشیان به(وه‌حی ئیلاهی) داوه‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفه‌ی ئینسانی.

عه‌قڵ و هه‌ست بنه‌مای ئاوه‌زو ئیدراكی هه‌موو مرۆڤه‌كانه‌و رێژه‌ی زۆرینه‌ی مه‌عریفه‌و زانینی مرۆڤ به‌رهه‌می ئه‌و دووانه‌یه‌، به‌ڵام سێیه‌میان كه‌(وه‌حی)یه‌ تایبه‌ته‌ به‌پێغه‌مبه‌رانه‌وه‌و له‌رێگایه‌وه‌ رێنموونی مرۆڤەوە ده‌كرێت و ئه‌و پرسیارانه‌ی مه‌عریفه‌ی مرۆیی ناتوانێت وه‌ڵامیان بداته‌وه‌ ئەو ده‌بێته‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌یان.

وه‌حی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئیلاهی هه‌یه‌و رێنموونی ئاسمانه‌ بۆ مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی، به‌تایبه‌تی رێنموونییه‌كان بۆ هه‌نگاو پێهه‌ڵگرتنی مرۆڤه‌ به‌ره‌و دنیاكه‌یترو رۆژی دوایی، وه‌ك چۆن هه‌مان رێنموونی ئاسمان له‌سه‌ره‌تاوه‌ یه‌كه‌م نه‌واتی مه‌عریفه‌ی مرۆیی پێكهێناو رێنموونی كرد بۆ ئه‌م دنیایه، وه‌حی سه‌رچاوه‌ی به‌شێكیتری مه‌عریفه‌ی دنیایشه‌‌.

بنه‌مای مه‌عریفه‌ی مرۆیی بۆ ئه‌م دنیایه‌و بۆ دنیاكه‌یتریش هه‌ر له‌خواوه‌یه‌و ده‌رك و هه‌ستی ئێمه‌ بۆ ئه‌‌م دونیایه‌و تێگه‌یشتن له‌ئه‌ویتریش ئاتاجی به‌ په‌روه‌ردگاره‌ كەسه‌ره‌تاو خاڵی ده‌سپێكی بۆ دیاری بكات بۆ ئه‌وه‌ی دواتر به‌ عه‌قڵ و هه‌سته‌كانی خۆی كه‌شفی مه‌جهوله‌كانیتر بكات.

مه‌عریفه‌ بۆ مرۆڤ پێویستییه‌كی سه‌ره‌كی ژیانه‌ وه‌ك چۆن ئاو و خۆراك بۆ به‌رده‌وامی ژیانی پێویسته‌، ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ له‌دیارترین پرۆسه‌ی به‌ڵگه‌كاریدا قورئانی پیرۆز بۆمان نمایش ده‌كات، قورئان كاتێك چیرۆكی دروستبوونی یه‌كه‌مین مرۆڤمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌، ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی ناو چیرۆكه‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كه‌ مه‌عریفه‌یه‌ دوای ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ رۆح ده‌كات به‌ به‌ری بوونه‌وه‌ره‌ ناوازه‌كه‌یدا، واته‌ دوای بوونی به‌زینده‌وەرێكی هۆشمه‌ند مه‌عریفه‌ی پێ ده‌به‌خشێت.

[وَعَلَّمَ آَدَمَ الْأَسْمَاءَ كُلَّهَا ثُمَّ عَرَضَهُمْ عَلَى الْمَلَائِكَةِ فَقَالَ أَنْبِئُونِي بِأَسْمَاءِ هَؤُلَاءِ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ. قَالُوا سُبْحَانَكَ لَا عِلْمَ لَنَا إِلَّا مَا عَلَّمْتَنَا إِنَّكَ أَنْتَ الْعَلِيمُ الْحَكِيمُ. قَالَ يَا آَدَمُ أَنْبِئْهُمْ بِأَسْمَائِهِمْ فَلَمَّا أَنْبَأَهُمْ بِأَسْمَائِهِمْ قَالَ أَلَمْ أَقُلْ لَكُمْ إِنِّي أَعْلَمُ غَيْبَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَأَعْلَمُ مَا تُبْدُونَ وَمَا كُنْتُمْ تَكْتُمُونَ].

خوای گه‌وره‌ هه‌موو ناوه‌كانی فێری ئاده‌م كرد، كام ناو؟ زانایان قسه‌و راڤه‌ی جیاوازیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌م فێركاری و ناوانه‌، هه‌ندێكیان ده‌ڵێن ناوی هه‌موو نه‌وه‌كانیه‌تی مرۆڤ به‌مرۆڤ، هه‌روه‌ها ئاژه‌ڵه‌كان، یان وتویانه‌ ئه‌و ناوانه‌ی به‌رجه‌سته‌بوون، مرۆڤ، ئاژه‌ڵ، ئاسمان، زه‌وی، ده‌ریاو شته‌كانیتر. شته‌ مادییه‌كان، ئیبن عه‌باس ده‌ڵێ هه‌موو شته‌كان خۆیان و جووڵه‌و ره‌فتاریان.

ئه‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌و ئایه‌ته‌كانیتری دوای خۆی بنه‌ماو بونیادی مه‌عریفه‌ی مرۆییمان بۆ ده‌رده‌خات هه‌ر له‌و سه‌ره‌تایه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ پێشكه‌وتووه‌ی كه‌ ناوه‌كان و زانیارییه‌كان لای مرۆڤ سنوورێكی چاوه‌ڕواننه‌كراوی به‌زاندووه‌، لێره‌وه‌ قورئانی پیرۆز ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه‌ یه‌كه‌م فێركاری و ئه‌زموونی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ شته‌كانداو ناولێنان و ناسینیان خوایی بووه‌و به‌دیهێنه‌ر ئه‌لف و بای سه‌ره‌تای مه‌عریفه‌ی فێری مرۆڤ كردووه‌، دوای ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ش مرۆڤ هه‌ر پێويستى بەپشتیوانی و رێنموونی به‌دیهێنه‌رە.

[وَعَلَّمَ آَدَمَ الْأَسْمَاءَ كُلَّهَا]واته: خوای گه‌وره‌ ئاده‌می فێری هه‌موو ناوه‌كان كرد.. ئه‌مه‌ش سه‌‌ره‌تای كاروانی مرۆڤایه‌تی و یه‌كه‌م قۆناغی ژیانیه‌تی، قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی مرۆڤایه‌تی وه‌ك قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی مرۆڤێك وایه‌، مرۆڤێك له‌قۆناغی (منداڵی ، مێرد منداڵی، هه‌رزه‌كاری و گه‌نجی، بلوغ و پێگه‌یشتن، پیری و له‌ناوچوون)، به‌هه‌مان شێوه‌ مرۆڤایه‌تیش قۆناغی منداڵی هه‌یه‌ كه‌ له‌وكاته‌وه‌ ده‌ستی پێكرد كه‌ خوای گه‌وره‌ ئاده‌می باوكی مرۆڤایه‌تی فێری ناوه‌كان كرد وه‌ك چۆن منداڵ له‌سه‌ره‌تادا ناوه‌كان فێرده‌بێ یان فێر ده‌كرێت و له‌وێوه‌ ئاشنا ده‌بێت به‌زمانی ئاخاوتن و په‌یوه‌ندی و مامه‌ڵه‌ قۆناغ به‌قۆناغ، خۆی و ده‌وروبه‌ر ده‌ناسێت و چه‌ندین گلان و هه‌ستانەوه‌ دێته‌ ڕێگای تا ده‌گاته‌ قۆناغی پێگه‌یشتن و بیركردنه‌وه‌ی زاتی و بێ باكی له‌بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وانیترو ده‌وروبه‌ر.. 

ناوه‌كان سه‌ره‌تای مه‌عریفه‌ی مرۆین و بنه‌مای ئاخاوتن و زمان و زانستیشه‌، ئێستاش كه‌ قۆناغی عه‌وله‌مه‌و پێشكه‌وتنی زانست و ته‌كنه‌لۆژیایه‌‌ ناوه‌كان بنه‌مای ئه‌م پێشكه‌وتنه‌یه‌و لینكی به‌یه‌كگه‌یشتنی گشت كۆمه‌ڵگه‌و ژیاره‌كانه‌.        

میتۆدی ناسینی ده‌وروبه‌رو سه‌ره‌تای مه‌عریفه‌و زانین و ده‌ركی مرۆیی داڕێژه‌ره‌كه‌ی خوای گه‌وره‌بووه‌، واته‌ مرۆڤ له‌گه‌ڵ خوڵقاندنیدا فۆرمێكی خاڵی و بێ ناوه‌رۆك بووه‌و په‌روه‌ردگار به‌فۆرماتێكی سه‌ره‌تایی و پێویست به‌ ئه‌و كاته‌ی مرۆڤه‌كه‌ داتای پێداوه‌، ئه‌و ناو‌انه‌ش كه‌ ده‌فه‌رموێت:[وَعَلَّمَ آَدَمَ الْأَسْمَاءَ كُلَّهَا]

ئه‌و مه‌عریفه‌ سه‌ره‌تایی و پێویسته‌ی ئه‌و قۆناغه‌ی مرۆڤ بووه‌، پاشان خوای گه‌وره‌ ئا‌مرازو سه‌رچاوه‌یتری مه‌عریفه‌ی به‌خشیوه‌ته‌ مرۆڤ كه‌ بەهۆيەوە په‌ره‌ به‌ مه‌عریفه‌ سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی بدات و به‌پێی كارلێك و ئه‌زموون و پرۆسه‌ی عه‌قڵانی خۆی وێنا بۆ شته‌كانیتری ناو واقیع و ژینگه‌ی تایبه‌تی خۆی بكات كه‌ تیایدا ده‌ژی.

ئه‌و ناوانه‌ی فێری ئاده‌م كراوه‌ ته‌نها بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی فریشته‌كان نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌خۆیدا گرنگی تایبه‌تی ‌و بایه‌خێكی زاتی و مه‌وزوعی هه‌بووه‌، بایه‌خه‌ زاتییه‌كه‌ی ئه‌وه ‌بووه كه‌ مرۆڤ كائینێكی مه‌عریفی و داتاداری خاوه‌ن توانای بره‌ودەره‌ به‌و مه‌عریفه‌و داتایه‌ی پێی دراوه‌، هەر ئه‌م مه‌عریفه‌ مرۆییه‌ش بووه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ ناوازه‌یی ئاده‌می پێ نمایش كردووه‌ بۆ فریشته‌كان و ئه‌وانی پێ تاقیكردووه‌ته‌وه‌و پێی فه‌رموون كه‌ ئه‌گه‌ر له‌نهێنی كاره‌كانی من ده‌گه‌ن ئه‌و مه‌عریفه‌ ئاده‌مییه‌م بۆ ده‌ربڕن كه‌ بریتییه‌ له‌و ناوانه[فَقَالَ أَنْبِئُونِي بِأَسْمَاءِ هَؤُلَاءِ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ].

قورئان پێمان ده‌فه‌رموێت سه‌رچاوه‌ی زانین و زانیاری فریشته‌ خوای په‌روه‌ردگاره‌، به‌هه‌مان شێوه‌ مرۆڤیش له‌وێوه‌ زانیارییه‌كانی ده‌ست پێده‌كات كه‌خوای گه‌وره‌ فێری كردووه‌و  زانین و مه‌عریفه‌ی مرۆیی بنه‌مایه‌كی ئیلاهی هه‌یه كه‌ ده‌فه‌رمووێت[وَعَلَّمَ آَدَمَ الْأَسْمَاءَ كُلَّهَا واته‌ هه‌موو ناوه‌كانی فێركرد.

جیاوازی نێوان فریشته‌و مرۆڤ له‌وه‌دایه‌ كه‌فریشته‌ هه‌ر ئه‌وه‌ی پێیه‌ راسته‌وخۆ خوای گه‌وره‌ فێری كردووه‌و ئه‌و توانا مه‌عریفییه‌ی پێ نه‌دراوه‌ كه‌ بتوانێت گه‌شه‌ی زاتی به‌و مه‌عریفه‌و زانینه‌ بدات كەخوای گه‌وره‌ پێی به‌خشیوه‌:[قَالُوا سُبْحَانَكَ لَا عِلْمَ لَنَا إِلَّا مَا عَلَّمْتَنَا إِنَّكَ أَنْتَ الْعَلِيمُ الْحَكِيم به‌ڵام مرۆڤ ئه‌و مه‌عریفه‌و زانینه‌ی پێی دراوه‌ بۆ گه‌شه‌پێدان و برەودان بەمەعريفەو زانينى خۆى لەهەر قۆناغێكدا بەمەبەستى گەيشتنى بەقۆناغێكيتر، كاربه‌ڕێكردنیه‌تی له‌ژیانی ئازادی دنیاداو له‌قۆناغی یه‌كه‌می ژیانیدا به‌مه‌عریفه‌ی ئیلاهی پشتیوانی كراوه‌و به‌رچاوڕوونی پێدراوه‌، لەيەكەم قۆناغدا خواى گەورە بەمەعريفەى ئيلاهى داتاى كردووە بۆ ئەوەى بۆ قۆناغه‌كانیتری ژیانی و به‌پێی هه‌ل و مه‌رج و پێویستییه‌كانی بره‌و به‌و مه‌عریفه‌ سه‌ره‌تاییه‌ بدات‌، بەم پێيەش له‌چوارچێوه‌ی ئه‌زموونه‌كانی ژیان و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سرووشت و ده‌وروبه‌ریدا قۆناغ به‌قۆناغ مه‌عریفه‌ی مرۆیی گه‌شه‌ ده‌كات.

فریشته‌ له‌ناو دۆخی ئه‌زموون و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ شتێكیتردا جگه‌ له‌خوای گه‌وره‌ هه‌ڵسوكه‌وت ناكات و ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ پێی ده‌دات له‌فه‌رمان و مه‌عریفه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌دا ده‌كات، به‌ڵام مرۆڤ له‌ناو دنیای تایبه‌تی خۆیدا له‌سه‌ر زه‌وی نیشته‌جێ ده‌بێت و كاروباری خۆی به‌ڕێوه‌ ده‌بات، به‌پێی ئه‌و ئیداره‌ زاتییه‌ی خۆی پێویستییه‌كانی بۆ دێته‌پێش و ده‌بێت خۆی پرس و پێویستییه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌م پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ركردن و مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ریدا ئه‌زموونه‌كانی بۆ كه‌ڵه‌كه‌ ده‌كات كه‌ دواجار ببنه‌ سه‌رمایه‌ بۆ مه‌عریفه‌ی گه‌شه‌كردووی مرۆیی.

ئه‌و ناوانه‌ی خوای گه‌وره‌ فێری ئاده‌می كردووه‌ ئه‌بجه‌دیاتی مه‌عریفه‌ی به‌شه‌ری بووە كەخوای گه‌وره‌ هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ی فێركردووه‌ كه‌ له‌و كاته‌دا بۆ ئاده‌م خۆی و پاشان بۆ خێزانه‌ دوو كه‌سییه‌كه‌ی پێویست بووه‌، مه‌عریفه‌ی ئەو قۆناغەو سه‌ره‌تای ژیان بووه‌.

خوای گه‌وره‌ كه‌ ده‌فه‌رموێ:[وَعَلَّمَ آَدَمَ الْأَسْمَاءَ كُلَّهَا] هه‌موو ناو و ناوه‌رۆكه‌كانی ئه‌و سات و كاته‌بووه‌ بۆ ژیانی ئاده‌م پێویست بوون‌ نه‌ك(كُلَّ)ه‌ی سه‌ره‌تاو كۆتایی ژیان له‌سه‌ر ئەم هه‌ساره‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ هیچ مانایه‌ك بۆ عه‌قڵ و توانا مه‌عریفییه‌كانی مرۆڤ نه‌ده‌مایه‌وه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ به‌هۆیه‌وه‌ پله‌و پیگه‌ی داوه‌ به‌سه‌ر فریشته‌كانداو فه‌رمانی پێكردن كڕنووشی رێز بۆ ئاده‌م به‌رن:[وَإِذْ قُلْنَا لِلْمَلَائِكَةِ اسْجُدُوا لِآَدَمَ فَسَجَدُوا إِلَّا إِبْلِيسَ أَبَى وَاسْتَكْبَرَ وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ]([1])، واتە: كاتێك وتمان بەفريشتەكان كڕنووشى ڕێز بەرن بۆ ئادەم هەموويان كڕنووشيان برد جگە لەئيبليس سەركێشى كرد، ئەو لە بێ باوەڕان بوو.

هه‌موو فریشته‌كان كڕنووشیان برد ته‌نها(ئیبلیس) نه‌بێ به‌هۆی ئیره‌یی و خۆبه‌زلزانییه‌وه‌ فه‌رمانی خوای به‌جێنه‌هێناو كوفرو سه‌رپێچی كرد.

خواى گەورە ئادەمى خستە ناو  ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه‌و راهێنانێكی كرده‌ييەوە، ئاده‌م ‌و حه‌وا كه‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌ویشی بۆ هاوسه‌ر‌ی ئاده‌م خوڵقاند ئه‌و به‌هه‌شته‌ی پێی به‌خشین كە تيايدا شه‌یتان(ئیبلیس) دووچاری یه‌كه‌م سه‌رپێچی و گوناهی كردن، بەو هۆيەوە خوای گه‌وره‌ ئه‌و خێزانه‌ بچووكه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی نیشته‌جێ كردو یه‌كه‌م قۆناغی جێنشینایه‌تی مرۆڤایه‌تی ده‌ستی پێكرد: [وَقُلْنَا يَا آَدَمُ اسْكُنْ أَنْتَ وَزَوْجُكَ الْجَنَّةَ وَكُلَا مِنْهَا رَغَدًا حَيْثُ شِئْتُمَا وَلَا تَقْرَبَا هَذِهِ الشَّجَرَةَ فَتَكُونَا مِنَ الظَّالِمِينَ. فَأَزَلَّهُمَا الشَّيْطَانُ عَنْهَا فَأَخْرَجَهُمَا مِمَّا كَانَا فِيهِ وَقُلْنَا اهْبِطُوا بَعْضُكُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّ وَلَكُمْ فِي الْأَرْضِ مُسْتَقَرٌّ وَمَتَاعٌ إِلَى حِينٍ] ([2])، واتە: وتمان ئەى ئادەم خۆت و هاوسەرەكەت لەناو بەهەشتدا نێشتەجێ ببن و لەهەركوێ حەزتان لێيەو دەتانەوێ بخۆن بەڵام لەو درەختە نزيك نەبنەوە بۆ ئەوەى لەستەمكاران نەبن، پاشان شەيتان لەخشتەى بردن و لەو نازو نيعمەتەى تيايدابوون وەدەرى نان، وتمان دابەزنە سەرزەوى هەندێكتان دەبنە دوژمنى هەندێكتان، زەوى نشينگەو جێگاتان دەبێت تا كاتێكى دياريكراو.

ئاده‌م به‌و مه‌عریفه‌ ئیلاهییه‌ی فێركرا جڵه‌وی كاروباری جێنشینایه‌تی وه‌رگرت و ژیان ده‌ستی پێكرد، قۆناغی فێركاری ئیلاهی ته‌واو كراو مرۆڤ راده‌ستی عه‌قڵ و توانا مه‌عریفییه‌كانی خۆی كرا بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای فێركردنه‌ مه‌عریفییه‌ خواییه‌كه‌و ئه‌زموونی مامه‌ڵه‌و كارلێك‌ له‌گه‌ڵ ژینگه‌ زه‌وینییه‌كه‌یدا ره‌وشێكی نوێ بخوڵقێنێت لەڕێگاى گەشەدان بەو ئەزموون و مه‌عریفه‌ پێشينەى پێى درابوو.

ئەو مەعريفە ئيلاهييەى ئادەمى لەسەر ڕاهێنرا بوويە بنەما بۆ نەوەكانى و قۆناغ بەقۆناغ بەپێى ئەو تايبەتمەندييە عەقڵانى و مەعريفييەى بەمرۆڤ دراوە بزووتنەوەى ژيانى مرۆڤايەتى گەشەى پێدرا، ئادەم لەگەڵ خوڵقاندنيدا راستەوخۆ لەلايەن پەروەردگارەوە زانيارى پێ درا، بەڵام نەوەكانى ئادەم بەمێشك و دەماغێكى خاڵييەوە دێنە سەر زەوى و بەپێى گەشەى جەستەو هەڵكشانى تەمەن و ژينگە كۆمەڵايەتييەكەى بۆيان خوڵقێنراوە فێر دەبن و بارى مەعريفەى هەڵدەكشێت، خواى گەورە دەفەرمووێت: [وَاللَّهُ أَخْرَجَكُم مِّن بُطُونِ أُمَّهَاتِكُمْ لَا تَعْلَمُونَ شَيْئًا وَجَعَلَ لَكُمُ السَّمْعَ وَالْأَبْصَارَ وَالْأَفْئِدَةَ ۙ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ]([3])، واتە: خواى گەورە ئێوەى لەسكى دايكتان دەرهێناوە بەبێ ئەوەى شتێك  بزانن و هيچ زانيارييەكتان هەبێت، پاشان ئامڕازەكانى بيستن و بينين و تێگەيشتنى بۆ دابين كردوون بۆ ئەوەى سوپاسگوزارى بكەن.

ئامڕازەكانى بەدەستهێنانى مەعريفە لەڕوانگەى قورئانەوە هەستەكان و تێگەيشتنى عەقڵانى مرۆڤە لەشتەكان، سەرچاوەى ئەو دەرك و زانينانەى مرۆڤيش كە بيستن و بينين و عەقڵى مرۆڤ كارى لەسەر دەكات مەعريفە ئادەمييەكەى سەرەتايە كە بەكەليماتى خوا دەستى پێكردو ئەزموونى ژيان و ژينگە گەشەى پێ دەدا، بەڵام هەميشە دەرك و پەيبردنى ئەوانە بەحەقيقەتى شتەكان ڕێژەين و ڕەها نين، بۆيە ئەم ئەمڕازە مەعريفيانەش ديسانەوە پێويستيان بەڕێنموونى ئيلاهى هەيەو لێرەوە كارى پێغەمبەران دەست پێ دەكات.

دوای ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ بڕیاری دا ئاده‌م و حه‌وا دابه‌زێنێته‌ سه‌ر زه‌وی، به‌ڵێنی دا به‌وان و به‌نه‌وه‌كانی ئایینده‌یان كه‌ رێنموونییان بۆ ده‌نێرێت و بە پەيامەكانى بەئاگايان دەهێنێتەوە لەهەر لادانێك دووچارى دەبن. .

وتمان خوای گه‌وره‌ ئه‌و هه‌موو ناوه‌ی فێری ئاده‌م كرد كه‌ له‌و قۆناغه‌ سه‌ره‌تاییه‌ی ژیانی سه‌ر زه‌ویدا پێويستی ئەو بوون(والله اعلم)، ناوەكـان پەيوەسـت بوون بەهەلومەرجـى ژيانـى ئادەمـەوە لەو قۆناغەدا، پاشـان لەسـەر بنەماى ئەو داتا ئيلاهييە بەئادەم دراوە سەرەتاى ژيانـى لەسەر زەوى پێ دامەزرانـدووە، به‌ڵگه‌ی قورئانی پيرۆز بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌سیاقی ئه‌م ئایه‌ته‌نه‌ی سوره‌تی ئەلبه‌قه‌ره‌و چیرۆكه‌كه‌یدایه‌ كه‌ ده‌فه‌رموێ:[فَتَلَقَّى آَدَمُ مِنْ رَبِّهِ كَلِمَاتٍ فَتَابَ عَلَيْهِ إِنَّهُ هُوَ التَّوَّابُ الرَّحِيمُ]([4])، واتە: ئادەم لەپەروەردگاريەوە چەند وشەيەكى وەرگرت و لەسەريان تەوبەى كرد، خوايش لێبوردەو بە بەزەييە.

واته‌ خوای گه‌وره‌ چه‌ند وشه‌یه‌كی فێری ئاده‌م كرد كه‌ پێیان ته‌وبه‌ بكات و ته‌وبه‌ی كرد، كه‌واته‌ خوای گه‌وره‌ كاتێك ده‌فه‌رموێ:[وَعَلَّمَ آَدَمَ الْأَسْمَاءَ كُلَّهَا] ئه‌و ناوانه‌ بووه‌ له‌و كات و قۆناغه‌دا پێویستيی ژیانی ئاده‌م بوون، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت چۆن دواتر له‌سه‌ر زه‌وی خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ:[فَتَلَقَّى آَدَمُ مِنْ رَبِّهِ كَلِمَاتٍ فَتَابَ عَلَيْهِ دیاره‌ ئه‌و كاته‌ی كه‌ ئاده‌م یه‌كه‌م تاوان ئه‌نجام ده‌دات پێشهاتێكی نوێیه‌و په‌یوه‌ندی به‌ نێوانی خۆی و خوای گه‌وره‌وه‌ هه‌یه‌، له‌و كاته‌دا كه‌ خوای گه‌وره‌ ناوه‌كانی فێری ئاده‌م كردووه‌ تاوان نه‌بووه‌و ئه‌گه‌ر بووبێت ئه‌وه‌ی ئیبلیس بووه‌ كه په‌شیمان نه‌بووه‌ته‌وه‌، ئه‌م په‌شیمان بوونه‌وه‌یه‌ی ئاده‌م یه‌كه‌م كرده‌ی(ته‌وبه‌)كردنه‌، پاشان پرسێكی ئایینیشه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ به‌ڵێنی داوه‌ رێنموونی مرۆڤه‌كان بكات، بۆيە له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و رێنموونییه‌ ئاینییه‌دا ئاده‌م فێری كرداری ته‌وبه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ملكه‌چی و گوێڕایه‌ڵی خوای گه‌وره‌ ده‌بێت، ده‌توانین لێره‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ په‌یوه‌ندی نێوان ئاسمان و زه‌وی دیاری بكه‌ین و ده‌ستپێكی ئه‌و رێنموونییه‌ خواییه‌ دیاری بكه‌ین:[قُلْنَا اهْبِطُوا مِنْهَا جَمِيعًا فَإِمَّا يَأْتِيَنَّكُمْ مِنِّي هُدًى فَمَنْ تَبِعَ هُدَايَ فَلَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ]([5])، واتە: وتمان لێرە دابەزنە خوارەوە هەمووتان بۆ سەرزەوى و لەمەودوا ڕێنموونى منتان بۆ دێ، هەر كەس دواى رێنموونييەكانم بكەوێت هيچ ترس و خەمێكى نەبێت.   

ئه‌و ئایه‌تانەی سه‌ره‌تای سوره‌تی(البقرة) كۆمه‌ڵێك حه‌قیقه‌تی زانستی و بابەتيی گرنگمان پێ ده‌دات ده‌رباره‌ی خه‌لقی مرۆڤ و ئاست و تواناو مه‌عریفه‌ی مرۆیی، رێزو باڵایه‌تی مرۆڤ به‌سه‌ر به‌دیهێنراوه‌كانیتردا، رۆڵ و مه‌به‌ستی نیشته‌جێبوونی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی، دینامیكیه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ژیان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه.

له‌سوره‌ته‌كانیتری قورئانی پیرۆزدا كۆمه‌ڵێك دیمه‌نیتری ئه‌و وه‌رچه‌رخان و بزاوته‌ مرۆییه‌مان بۆ ده‌گوازێته‌وه‌، ئەو دیمه‌نه‌ قورئانیانه‌شه‌ دیسان ماهیه‌ت و سه‌رچاوه‌و ئامرازه‌كانی مه‌عریفه‌ی مرۆییمان پێ ده‌ناسێنێت كه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ بوونه‌ته‌ ناوه‌رۆكی تیۆری مه‌عریفه‌(ئه‌بستمۆلۆژیا).

مرۆڤایه‌تی له‌ئاده‌م و حه‌واوه‌ ده‌ستی پێكردو پرۆسه‌ی ژیان و كارلێك له‌گه‌ڵ سرووشت و ژینگه‌و پێشهاته‌كان زانین و زانیاری مرۆڤی به‌تێپه‌ڕینی كات باڵاتر كرد، مرۆڤ عه‌قڵ و هه‌سته‌كانی خسته‌كار، به‌ڵام سه‌ره‌تایه‌كی سه‌ختی بێ ئه‌زموون بوو.

سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفه‌ی مرۆیی بريتييە‌ له‌وه‌حی ئیلاهی و عه‌قڵ و هه‌ست و ئه‌زموونی پێشین، به‌ناوه‌كان ده‌ستی پێكرد كه‌ خوای گه‌وره‌ ئاده‌می له‌و قۆناغه‌دا فێركرد، دواتر له‌سه‌ر زه‌وی له‌سه‌ر تێڕامان له‌ده‌وروبه‌رو بیركردنه‌وه‌و به‌كارهێنانی تواناكانی لەڕێگاى بینین و بیستن و هه‌سته‌كانیترەوە ئامرازی گه‌یشتن به‌مه‌عریفه ژيانى خۆى پێشخست‌، ته‌نانه‌ت سروشت و ده‌وروبه‌ریش به‌شێكی پێكهێنه‌ری مه‌عریفه‌ی مرۆیی بوون، لەو ڕوەوە چیرۆكی ململانێی قابیل و هابیل ئاماژه‌یه‌كی لێ ده‌خوێنینه‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی قابیل یه‌كه‌م تاوانی كوشتنی ئه‌نجام داو یه‌كه‌م دیارده‌ی مردنی كه‌سێك رووی دا كه‌ كوشتنی هابیل بوو له‌لایه‌ن قابیلی برایه‌وه‌، قابیل نازانێت چی له‌ جەستەى بێ گيانى براكه‌ی بكات و به‌كۆڵ ده‌یگێڕێت و په‌شیمانه‌ له‌كاره‌كه‌ی، تا ئه‌و كاته‌ مامه‌ڵه‌ی مرۆڤ له‌گه‌ڵ جه‌سته‌یه‌كی مردوودا رووی نه‌داوه‌، هابیل به‌سه‌ر شانی قابیله‌وه‌یه‌ تا ده‌بێته‌ جه‌سته‌یه‌كی بۆنكردوو، ئه‌زموونێكی تاڵه‌ بۆ قابیل، قورئان ده‌فه‌رموێ:[فَبَعَثَ اللهُ غُرَابًا يَبْحَثُ فِي الأَرْضِ لِيُرِيَهُ كَيْفَ يُوَارِيْ سَوْءَةَ أَخِيْهِ قَالَ يَا وَيْلَتَى أَعَجَزْتُ أَنْ أَكُوْنَ مِثْلَ هَذَا الْغُرَابِ فَأُوَارِيَ سَوْءَةَ أَخِيْ فَأَصْبَحَ مِنَ النَّادِمِيْنَ]([6])، واتە: خواى گەورە قەلەڕەشێكى نارد بۆ ئەوەى پيشانى بدات چۆن جەستەى براكەى ئەسپەردە بكات(لەڕێگاى شاردنەوەى جەستەى بێچووەكەى)، وتى ئاخ و داخ ئەوەندە بێ توانابووم وەك ئەو قەلەڕەشەم لێ نەهات جەستەى براكەم ئەسپەردە بكەم، پەشيمان بوويەوە لەتاوانەكەى.

مرۆڤ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی زانیاری و مه‌عریفه‌ی پێویست سوودی له‌بزاوت و موماره‌سه‌ی زینده‌وه‌ره‌كانیتر وه‌رگرتووه‌ وه‌ك چۆن قابیل به‌هۆی نمایشی دیمه‌نی شاردنه‌وه‌ی جه‌سته‌ی قه‌له‌ره‌شێكه‌وه‌ له‌لایه‌ن قه‌له‌ره‌شێكیتره‌وه‌ شاردنه‌وه‌و به‌ژێرخاكه‌وه‌كردنی جه‌سته‌ی براكه‌ی فێربوو.

ئه‌م كارلێك و تێڕامان و به‌گه‌ڕخستنه‌ی توانا عه‌قڵی و هزرییه‌كانی مرۆڤ به‌تێپه‌ڕبوونی قۆناغ و سه‌ده‌و رۆژگاره‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان بوونه‌ ئه‌زموونی كه‌ڵه‌كه‌بووی  پیاده‌كراو كه‌ دواجار زانین و مه‌عریفه‌ی به‌رێوه‌بردنی ژیانی مرۆڤى هه‌نگاو به‌هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه‌ برد.

خوای گه‌وره‌ ئاده‌می فێری هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ كرد كه‌ كلیلی ده‌روازه‌ی زانست و زانیاری و مه‌عریفه‌ی ئینسانییه‌و بوویه‌ بنه‌ما بۆ هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی دواتری مرۆڤایه‌تی تا گه‌یشته‌ سه‌رده‌می عه‌وله‌مه‌، بۆیه‌ به‌خشش و ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌م گونده‌ بچووكه‌ی عه‌وله‌مه‌ به‌رهه‌می[وَعَلَّمَ آَدَمَ الْأَسْمَاءَ كُلَّهَا]یه‌‌و پاشان ئه‌و توانا عه‌قڵی و هزری و حسییانه‌یه كه‌خوای گه‌وره‌ به‌مرۆڤی بەخشيوەو قۆناغ بەقۆناغ فێری ئه‌و شتانه‌بوو كه‌ پێشتر نه‌یده‌زانی وەك خواى گەورە دەفەرمووێ:[عَلَّمَ الْإِنْسَانَ مَا لَمْ يَعْلَمْ] ([7])، واتە: مرۆڤى فێرى ئەوە كرد كەنەيدەزانى.

 له‌كتێبی(عه‌وله‌مه‌و پێغه‌مبه‌رایه‌تی) نووسینی: كامیل مه‌حمود



([1])  البقرة: ٣٤.

([2])  البقرة: ٣٥-٣٦.

([3])  النحل:٧٨.

([4])  البقرة: ٣٧.

([5])  البقرة: ٣٨.

([6])  المائدة: ٣١.

([7])  العلق: ٥.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

Post Top Ad

Your Ad Spot

سەرەكى لاى خوارەوە