بەناوى خواى گەورەو ميهرەبان

سەردێڕ

Post Top Ad

Your Ad Spot

الأربعاء، 25 نوفمبر 2020

كێ لەقەیران و توندوتیژی ناو خێزانەکان بەرپرسیارە؟

کامیل مەحمود

لەماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا خێزانەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردستان دووچاری چەندین گرفت و قەیرانی بوون کە دەرهاوێشتەکانیان دەیان ڕووداوی دڵتەزێن بووە و سوکترینیان جیابوونەوەی هاوسەرەکان بووە، بەڵام خراپترینەکانی کوشتنی یەکێک لەهاوسەرەکان یان هەردووکیان یان کوشتنی تەواوی خێزانەکەو تەنانەت زۆرجار خوێن و ئاژاوەکە ماڵە خەزوران و خزمانیشی گرتووەتەوە، ئەوەی زیاتر بووەتە دیاردە جیابوونەوە و توندوتیژییە بەرامبەر بە ئافرەتان..

لێرەدا ئەو پرسیارەی هەمیشە دەکرێت دەربارەی هۆکار و لایەنی بەرپرسیارە لەم توند و تیژییە خێزانیانە کە ئایا کام لایەن و ئۆرگانی ناو کۆمەڵگە لێی بەرپرسیارە؟

بێگومان بۆ گشت تەنگەژەو قەیرانێک کە ڕوو لەهەر کۆمەڵگەیەک بکات یەکەم لایەنی بەرپرسیار حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی وڵاتە بەو پێیەی ئەرکی ئەوە بەخێرایی هەنگاو بەرەو چارەسەری کێشەکان و دۆزینەوەی هۆکارەکان هەڵبگرێت، بەداخەوە لەکۆمڵگەی ئێمەدا دەسەڵات نەک هەر ئەوەی نەکردووە، بەڵکو خۆی لەئێستادا خوڵقێنەری زۆرێک لەقەیرانەکانە، یەکەم هۆکاری ئەو کێشە خێزانیانە نەداری و بێکارییە کە لەماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا کە دیاردەی قەیران و توندوتیژی ناو خێزانەکان زیادی کردووە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی گەندەڵی دەیان ساڵەی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە و دواتریش خوڵقاندنی گرفت لەگەڵ بەغدا بەهۆی سیاسەتی شکستخواردووی ئابووری سەربەخۆوەوە قووت و مووچەی خەڵک بەنیوەناچڵی دەستەبەر دەکرێت و کارو کاسپی خەڵکیان وەستاندووە، بەم هۆیەشەوە زۆرینەی کۆمەڵگەیان هەژار و نەدار کردووەو ئەمەش لەسەر ئاسایشی ناو خێزانەکان بەخراپی ڕەنگی داوەتەوە، کوردیش دەمێکە گوتوویەتی کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە.

هۆکارێکیتری ئەو ئاژاوە خێزانیانەی ڕوو دەدەن و زۆربەی جار ئافرەتان باجەکەی دەدەن ڕێکخراوەکانی ئافرەتانە لەکوردستاندا کەهەندێکیان لەپشتەوە پیاوە سیاسییەکان ئاراستەیان دەکەن، هەموو ئەو ڕێکخراوانە کەمەبەستمان غەیرەئیسلامییەکانە زۆربەی کار و چالاکی و گوتاریان سەرچاوەی یەکەمی فیتنەو ئاژاوەی ناو خێزانەکان و هەڵوەشاندنەوەیانە، ئەوانە لەهەڵوێست و گوتاریاندا بەناوی بەرگری لەمافەکانی ژنان و ئافرەتان و خانمانەوە یان بە پاساوی هۆشیارکردنەوەیان بەشێوەیەک ئاراستەیان دەکەن کە نامۆیە بەژینگەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی، گوتاری چاولێکەرانەی فیمینیستی و جێندەریزمی ڕێکخراوەکانی ژنان و خانمان و ئافرەتان دەروونی بەشێک لەژنانی کوردی شێواندووە و دووچاری نەخۆشی کەسایەتی ئیزدیواجی و تەنانەت شیزۆفرینیاشی کردوون، ئەو ڕێکخراوانە تێز و دیدگایەکیان بەگوێی ژناندا داوە کە لەگەڵ واقیعی خێزان و خانەوادەکەیدا تەبا نییە، بۆیە لەژێر کاریگەری گوتاری ڕێکخراوەکان کەسایەتییەکی خەیاڵی بۆ خۆی دروست دەکات کە لەناو واقیعی کۆمەڵگە و خێزانەکەیدا ناتوانێت ئەو کەسایەتییەی بەکردار بەرجەستە بکات و دەستبەرداری کەسایەتییە جڤاتییە کوردییەکەی خۆی ببێت، بۆیە ئەم دوو کەسایەتییە مزدەوەجە لەیەک کەسدا هەمیشە لەململانێدایە لەگەڵ خۆی و خێزان و کۆمەڵگەکەیدا، کە کەسایەتییە وەهمیە نابابەتییەکەی کەڕێکخراوەکان بۆیان دروست کردوون بەسەر کەسایەتییە کوردییەکەی خانەوادەو کۆمەڵگەدا سەرکەوتوو نابێت ئافرەتەکە دووچاری نیگەرانی و دەروونێکی شێواو دەبێت کە سەردەکێشێت بۆ جیابوونەوە لەهاوسەرەکەی یان خۆکوژی یان تەنانەت کوشتنی منداڵەکانیشی یان هاوسەرەکەی .

گوتاری ڕێکخراوەکانی ژنان لەهیچ کاتێکدا فلسەفە و کلتوور و ژینگەی ئایینی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی بەهەند وەرناگرتووە، بگرە زۆرجار گوتارێکی تەحریزی بەگوێی ژناندا دەدەن کە دواجار ئەو هاندانە بەزیانی گەورەی ژنان کۆتایی دێت.

ڕێکخراوەکانی ژنان لەسەروبەندی کێشە خێزانییەکانیشدا ئەوەندەی بەناوی داکۆکی لەمافی ژنەوە کێشەکان ئاڵۆز دەکەن خاوەنی قسەی خێر نین لەپێناوی ئاساییکردنەوەی دۆخە خێزانییەکەدا.

لەکۆتاییدا دەمەوێ تێبینییەک بەمامۆستایان و بانگخوازان بدەم کە لەگوتارو دیمانە میدیاییەکانیاندا لەگەڵ کاراکتەرە هەڵسوڕاوەکانی ناو ڕێکخراوەکانی ژناندا پێویست ناکات ئیسلام بخەنە دۆخێکەوە کە پێویست بە بەرگری لێکردن بکات، لەکاتێکدا ئەو توندوتیژی و ژنکوژی و دەستدرێژییە سێکسی و دۆخە خراپە خێزانیانە پەیوەندی بەدینەوە نییەو دەرهاوێشتەی فیکری نامۆ و گوتاری گێرەشێوێنانەی ڕێکخراوە فێمینیستییەکانە، کاراکتەرە تاوانبارەکانیش کە ژن دەکوژن یان دەستدرێژیان دەکەنە سەر کەسانی نامولتەزیم و دوور لەڕێنموونییەکانی ئیسلامە،  ئافرەت لەناو خێزانە پابەندو مولتەزیمەکاندا ئاسوودە و ئارامە و کێشەکانیان ئەگەر هەبێت ئاسایییە و قابیلی چارەسەرن.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

Post Top Ad

Your Ad Spot

سەرەكى لاى خوارەوە