بەناوى خواى گەورەو ميهرەبان

سەردێڕ

Post Top Ad

Your Ad Spot

الخميس، 25 يونيو 2020

با نه‌بینه‌ گه‌لێكی پوله‌كی!

كامیل مه‌حمود
ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌ستی پێ ده‌كرێت و بووه‌ته‌ مایه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و تووڕه‌یی خه‌ڵك بڕین و كه‌مكردنه‌وه‌و دواكه‌وتنی مووچه‌یفه‌رمانبه‌رانه‌‌ كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌ستی بۆ ده‌بات و بێباكانه‌ یاری به‌قووت و بژێوی خه‌ڵك ده‌كات.

ڕاسته‌ مووچه‌ بابه‌تێكی هه‌ستیاره‌و په‌یوه‌ندی به‌ژیانی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام خۆ ناكرێت هه‌موو كێشه‌كان له‌مووچه‌و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌دا كورت بكرێته‌وه‌ كه‌ موسته‌حه‌قاتی یاسایی مانگانه‌ی به‌شێك له‌خه‌ڵكی كوردستانه‌، مووچه‌ یه‌كێكه‌ له‌كێشه‌كان و بگره‌ بۆ خۆی ده‌رهاوێشته‌ی گه‌وره‌ترین كێشه‌ی حه‌قیقییه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌كێشه‌و تاوانی سته‌مكاری و پاشاگه‌ردانی كه‌ زیاتر له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ ئه‌م به‌شه‌ی كوردستانی تێكه‌وتووه‌.
ئایا ئه‌گه‌ر كێشه‌ی مووچه‌مان بۆ چاره‌سه‌ر كراو مانگانه‌ پاره‌ی خۆمان پێ درایه‌وه‌ ئیتر وڵات ده‌بێته‌وه‌ به‌شامی شه‌ریف و كۆتایی به‌كێشه‌كانی ‌ناو ئه‌م هه‌رێمه‌ دێت؟ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ش ڕوو نادات وكێشه‌ی دارایی و بژێوی خه‌ڵك به‌رده‌وام ده‌بێت تا سته‌مكاری و پاشاگه‌ردانی بوونی مابێت.
هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی ئه‌م 29ساڵه‌ی حوكمی جووت حزبیدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پرانسیپ و دیسپلینێكی باوه‌وه‌ ئیداره‌ ده‌كرێت و ناتوانین بیخه‌ینه‌ چوارچێوه‌ی هیچ مۆدیلێكی حوكمڕانییه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر من و تۆی هاوڵاتی مانگانه‌ش له‌ناو ئه‌م وڵاته‌ پڕ خێرو بێره‌دا مووچه‌ی خۆمان وه‌ربگرین كه‌ پشكێكی زۆر كه‌می ناو ئه‌و هه‌موو خێروبێه‌ره‌ی كوردستانه‌ ده‌بێت بپرسین:
- 29ساڵه‌ ئێوه‌ بۆ نه‌تانتوانیوه‌ یان ناهێڵن ئه‌م وڵاته‌ ببێته‌ قه‌واره‌یه‌كی یه‌كگرتووی خاوه‌ن دام و ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ی فه‌رمی و له‌چوارچێوه‌ی ئیداره‌یه‌كی خراپی خێڵه‌كیانه‌دا هێشتووتانه‌ته‌وه‌؟
- 29ساڵه‌ سامان و داهات و نه‌وتی ئه‌م وڵاته‌ تاڵانفرۆش ده‌كه‌ن و هه‌موو پرۆسه‌ی حوكمڕانیتان له‌ بازرگانی نه‌وت و سه‌رمایه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م وڵاته‌دا كورت كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌ی كوا ده‌سمایه‌ ‌و بنمایه‌ و قازانجی ئه‌و بازرگانیكردنه‌و به‌كوێی ژیانی خه‌ڵك و سیمای وڵاته‌وه‌ دیاره؟ یان هه‌ر هه‌مووی كراوه‌ته‌ كۆشك و ته‌لارو ره‌سیدی بلۆككراوی ناو بانكه‌كان و ژێرزه‌مینه‌كان بۆ خۆتان و ده‌وروبه‌رتان و له‌كۆتاییدا وڵاتتان به‌موفلیسی هێشتووه‌ته‌وه‌؟
- نیو سه‌ده‌ زیاتر كوردی ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان جینۆساید كراوخه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌ش به‌خوێنی ڕۆڵه‌كانیان به‌رگرییان له‌مانه‌وه‌ی خۆیان كرد و دواجار ئێوه‌یان هێنایه‌ سه‌ر سفره‌ی حازری، به‌ڵام هه‌ر له‌یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ ئێوه‌ كه‌وتنه‌ دڕاندنی سفره‌كه‌و دزینی كاسه‌و كه‌وچكی سه‌ر ئه‌و سفره‌یه‌و هیچ نه‌ما ئاودیوی نه‌كه‌ن، له‌شؤفڵ و تراكتۆرو ته‌ل و ئاسنه‌وه‌ ده‌ستتان پێكرد تا گه‌یشتنه‌ ده‌رهێنانی نه‌وت و سه‌رمایه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ستراتیژی ئه‌م وڵاته‌، تا ئه‌م ساته‌ش به‌رده‌وامن و وڵات كاول ده‌كه‌ن و ئاماده‌نین به‌خۆتاندا بچنه‌وه.
- خه‌ڵك له‌ماوه‌ی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی خه‌بات و شۆڕشدا خوێنی ڕۆڵه‌كانی خۆیان به‌خشی و ئێوه‌ بكوژانی ئه‌وانتان كرده‌ خاوه‌نی خێروبێری وڵات و خاوه‌ن زه‌وی و مووچه‌ی حه‌رام و پله‌و پۆستی باڵا، جاش و ئه‌نفالچییه‌كانتان حه‌وانده‌وه‌و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی تێكؤشه‌ری وڵاته‌كه‌تان خسته‌ مه‌ینه‌ته‌وه‌.
- له‌هه‌موو دنیادا گه‌نده‌ڵیمان بینیوه‌و پێناسه‌ كراوه‌ كه‌ سوودوه‌رگرتنه‌ له‌ كورسی و ده‌سه‌ڵات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی به‌رپرسێك یان چینی ده‌سه‌ڵاتدار، به‌ڵام ئێوه‌ سنووری گه‌نده‌ڵیی باویشتان تێپه‌ڕاندووه‌ و هه‌موو شتێكی ئه‌م وڵاته‌تان به‌ئاشكرا بۆ خۆتان كرده‌ حه‌ڵاڵ و ئه‌وه‌ی خۆشی و ژیانی ئاساییه‌ له‌خه‌ڵكتان حه‌رام كرد و ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ تێرتان نه‌خواردو هه‌ر به‌رده‌وامن له‌ تاڵانی و هه‌رزانفرۆشكردنی وڵات.
- 29ساڵه‌ ئێوه‌ بێگانه‌ دێننه‌ سه‌ر خاك و جه‌سته‌ی وڵات بۆ له‌ناوبردنی یه‌كتر و نیشتیمانتان له‌نێوان خۆتاندا به‌ش كردووه‌و زۆنه‌كانتان كردووه‌ته‌ زۆنگاوی چه‌په‌ڵی و چه‌پاوكاری بۆ خۆتان.
ئه‌مانه‌و ده‌یان تاوانیتر كه‌ زۆر له‌تاوانی مووچه‌بڕین گه‌وره‌تر و زیاترن و پێویسته ئێمه‌ی‌ خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌ له‌سه‌ری بێینه‌ ده‌نگ نه‌ك ته‌نها باس له‌مووچه‌ و پول و پاره‌ی زه‌وتكراوی شه‌خسیی خۆمان بكه‌ین و وه‌ك گه‌لێكی پووله‌كی ده‌ربكه‌وین، ده‌بێت خه‌م له‌ئایینده‌ی وڵات بخۆین پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ره‌و هه‌ڵدێری ته‌واو ببرێت و به‌رژه‌وه‌ندی و كاری خراپی ئه‌مانه‌ بمانگێڕێته‌وه‌ بۆ ژێر پێ و پۆستاڵی بێگانه‌و دوژمنانی كورد.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

Post Top Ad

Your Ad Spot

سەرەكى لاى خوارەوە