بەناوى خواى گەورەو ميهرەبان

سەردێڕ

Post Top Ad

Your Ad Spot

الاثنين، 29 يونيو 2020

تاكه‌ی وڵات له‌تاریكیدا به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن؟


كامیل مه‌حمود
له‌ئێستادا نێچیره‌ڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ردانێك له‌ وڵاتی سویسرایه‌، وه‌ك هه‌موو كاره‌ په‌نهان و ناشه‌فافه‌كانیتری ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانیش دیار نییه‌ كه‌ ڕه‌سمییه‌ یان ناڕه‌سمی و له‌و ‌باره‌یه‌وه‌ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕه‌سمی له‌كوردستان لێدوانێكی ڕانه‌گه‌یاندووه‌، له‌كاتێكدا سه‌ردانی كه‌سی یه‌كه‌م و سونبولی دبلۆماسیه‌تی هه‌ر وڵات و هه‌رێم و ناوچه‌یه‌كی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری وه‌ك ئه‌مه‌ی ئێمه‌ش بۆ وڵاتێكیتر به‌بێ ده‌نگی و له‌په‌نهان و تاریكیدا ئه‌نجام نادرێ و به‌پێی هه‌لومه‌رج و ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ ماوه‌یه‌ك پێش سه‌ردانه‌كه‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری فه‌رمی وڵات شتێك له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌خه‌ڵك و میدیا ده‌ڵێت، بۆ نموونه‌ له‌كاته‌ ئاساییه‌كان و به‌مه‌به‌ستی توندوتۆڵكردنی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كان یان له‌وه‌ڵامی بانگهێشتی هاوتا ڕه‌سمییه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌یتردا سه‌رۆكی وڵات بڕیاری سه‌ردانی ئاسایی ده‌ره‌وه‌ ده‌دات و مانگێك یان زیاترپێش سه‌ردانه‌كه‌ میدیاكان و حكومه‌ت باس له‌و سه‌ردانه‌ ده‌كه‌ن، له‌كاتی پێویست و ته‌نگه‌ژه‌كانیشدا بۆ ئامانجێكی سیاسی یان ئابووری هه‌ندێ جار سه‌رۆك و كه‌سی یه‌كه‌می وڵات پێویست ده‌كات له‌ناكاو سه‌ردانی وڵاتێك بكات، بۆ ئه‌مه‌ش لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری حكومه‌ت یان تایبه‌ت به‌كاروباری ده‌ره‌وه سه‌ردانه‌كه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێنێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ش ناڕه‌سمی و بۆ به‌سه‌ربردنی پشووه‌كانیش بێت هه‌ر سه‌ردانه‌كان شه‌فاف و ڕاگه‌یه‌نراو ده‌بن..
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمان و نیگه‌رانییه‌ لای هاوڵاتی و مایه‌ی پرسیارو گومانه‌ لای میدیا و چاودێرانی سیاسی ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌ بۆ سویسرا له‌م هه‌لومه‌رجه‌ هه‌ستیارو پڕ له‌قه‌یرانه‌دا كه‌ سه‌رۆك گه‌یشتووه‌ته‌ كیشوه‌ری ئه‌وروپا و بارودۆخی وڵاته‌كه‌شی له‌م كاته‌دا ته‌نها سه‌ردانی پێویست و ئامانجداری گرنگ و ئومێدبه‌خشی ڕاگه‌یه‌نراو ده‌خوازێت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌یه‌ك یان ئه‌و هه‌موو كێشه‌و گرفتانه‌ی دووچاری هه‌رێمی كوردستان بووه‌، بێگومان كاته‌كه‌ی ئێستاش سه‌ردانی ئاسایی و كاتبه‌سه‌ربردن ناخوازێت.‌  
ئه‌مڕۆ هه‌رێمی كوردستان نغرۆی ده‌یان قه‌یرانی سیاسی و ئابووری و ته‌ندروستی بووه‌ و خه‌ڵك دووچاری نه‌داری و هه‌ژاری و بێ مووچه‌یی و نه‌خۆشی بووه‌ته‌وه‌ و خاكی وڵات ده‌ستدرێژی وڵاتانی ده‌وروبه‌ری له‌سه‌ره‌ و قه‌واره‌ی هه‌رێم له‌ژێر فشاری به‌غدا و قۆستنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌دا‌ له‌به‌رده‌م مه‌ترسی لاوازكردن و ته‌نانه‌ت هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌شدایه‌، ئه‌م سه‌ردانه‌ی بارزانی به‌م میكانیزمه‌ ناشه‌فاف و له‌ناكاوه هیچ پاساوێك هه‌ڵناگرێت و جۆرێكه‌ له‌بازدان به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كان و بێباكی له‌باری مه‌ینه‌تباری خه‌ڵكی كوردستان و دۆخی هه‌ستیاری وڵات، بێگومان ئه‌و قسه‌وباسانه‌ی كه‌ ده‌رباره‌ی سه‌فه‌ره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمیش ده‌كرێت سه‌رچاوه‌ی له‌به‌دگوومانییه‌وه‌ گرتووه‌و هه‌رده‌ره‌نجامی ناڕوونی و ناشه‌فافی سه‌ردانه‌كه‌یه‌، ده‌بێت بارزانی یان دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌رباره‌ی سه‌فه‌ره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و هۆكارو ئامانجه‌كانی ڕوونكردنه‌وه‌ بدات و ڕاستی و ناڕاستی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ش ئاشكرا بكات كه‌ له‌سه‌ری بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر گه‌شته‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی شه‌فاف و به‌پێی پرۆتۆكۆلی باو به‌ڕێوه‌ ببرایه‌ پارێزراو ده‌بوو له‌ قال و قیل و ده‌نگۆی ئابڕووبه‌رانه‌.
به‌داخه‌وه‌ تائێستاش نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری كوردستان شه‌فافیه‌ت له‌هیچ كارێكیاندا نییه‌و نایانه‌وه‌ێ كه‌مترین زانیاری له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات لای هاوڵاتیانی خۆیان ئاشكرا ببێت، سه‌رباری ئه‌و هه‌موو قه‌یران و مه‌ترسیانه‌ی ڕووی له‌هه‌رێمه‌كه‌مان كردووه‌ ئه‌م مۆدێله‌ له‌حوكمڕانی كه‌ 29ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ جێگای بێزاری و پرسیاری خه‌ڵكه‌‌، ئاخۆ تاكه‌ی ئه‌م به‌ڕێزانه‌ وڵات له‌تاریكیدا به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن؟!


ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

Post Top Ad

Your Ad Spot

سەرەكى لاى خوارەوە