بەناوى خواى گەورەو ميهرەبان

سەردێڕ

Post Top Ad

Your Ad Spot

الثلاثاء، 18 أغسطس 2020

وڵاتێكی پڕ داهات و حكومه‌تێكی بێ داهات

 كامیل مه‌حمود

هه‌موومان ده‌زانین هه‌ر له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ هه‌موو كێشه‌و ململانێ ناوخۆییه‌كانی ناو ئه‌م وڵاته‌ له‌نێوان ئه‌م دوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ی كوردستاندا له‌سه‌ر پاره‌و داهات و شه‌ڕی گومرگ و ناهاوسه‌نگی له‌دابه‌شكردنیدا بوو له‌نێوان خۆیاندا به‌تایبه‌تی له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌سه‌ر داهاتی خاڵی سنووری ئیبراهیم خلیل بوو، كه‌پاشان شه‌ڕی ناوخۆ و ئه‌و بارودۆخه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ تا ئه‌مڕۆ ده‌رهاوێشته‌كانی به‌رده‌وامه‌.

تا ئه‌مڕۆش كه‌ 29ساڵ به‌سه‌ر ته‌مه‌نی ئه‌و ئه‌زموونه‌دا تێپه‌ڕیوه‌ هێشتا هه‌ر كێشه‌و ململانێكان له‌سه‌ر داهات و ماڵی گشتی ئه‌م وڵاته‌ به‌رده‌وامه‌و سه‌رچاوه‌كانی مووچه‌ و بژێوی خه‌ڵك و هه‌موو بوجه‌ی حكومه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات له‌ده‌ستی ئه‌و دوو حزبه‌دایه‌ به‌ناهاوسه‌نگی، واته‌ ئه‌وه‌ی پارتی ته‌حه‌كومی پێوه‌ ده‌كات زیاتره‌ له‌وه‌ی له‌ده‌ستی یه‌كێتیدایه‌، به‌تایبه‌تی له‌دۆسیه‌ی نه‌وتدا.
ده‌ره‌جام داهاتی ئه‌م وڵاته‌ ئه‌وه‌ی لێ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت كه‌ بۆ خه‌ڵك سه‌رفی بكات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ده‌ستی حزب ده‌مێنێته‌وه‌، كێشه‌ی ئه‌و دوو حزبه‌ش ئه‌وه‌یه‌ سنوورێك نییه‌ بۆ تێربوون بێ ئیحتیاجیان به‌پاره‌و سامان و تا ئێستا ركابه‌ری و پێشبڕكێیان له‌سه‌ر بچڕینی زۆرترین ڕێژه‌ له‌و داهاته‌و دروستكردنی چه‌ندین كۆمپانیای گه‌وره‌ و بچوكی حزبی زیاتره‌ له‌ڕكابه‌رییه‌ سیاسییه‌كه‌ی نێوانیان، بگره‌ ئه‌وان سیاسه‌تیان ‌بیرچووه‌ته‌وه‌ و له‌ دوو حزبه‌وه خه‌ریكه‌ ده‌بنه‌ دوو كۆمپانیای بزنس و بازرگانی.
بۆیه‌ تا ئابووری و داهاتی وڵات به‌دامه‌زراوه‌ نه‌كرێت و له‌ده‌ستی حزب ده‌رنه‌هێنرێت و له‌فلسێكه‌وه‌ تا كۆتایی ڕاده‌ستی خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت نه‌كرێت وڵات له‌مه‌ خراپتری به‌سه‌ردا دێت و خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌ژار و نه‌دارتر ده‌بن.
ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌و كه‌سانی ناو بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات و نزیك له‌و دوو حزبه‌ دان به‌و ڕاستییه‌دا ده‌نێن، یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی نزیك له‌ ده‌سه‌ڵات له‌دیمانه‌یه‌كدا وتی: ته‌نها خاڵه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێم بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی هه‌موو حزبه‌كانه‌وه‌ یان لیژنه‌یه‌كی بێلایه‌نی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌بچن و‌ چاودێری داهاته‌كانیان بكرێت‌ كێشه‌ی مووچه‌ و داهاتمان نامێنێت و ئه‌وكات ده‌زانین ئه‌م وڵاته‌ بێ داهات نییه‌!.
ئه‌م به‌حزبیبوونه‌ی ئابووری داهاتی وڵات ڕێگریش ده‌بێت له‌ به‌رده‌م گۆڕانكری سیاسیدا، چونكه‌ ئه‌و حزبانه‌ی قۆرخی داهات و دامه‌زراوه‌كانی وڵات ده‌كه‌ن باكیان له‌هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان نییه‌ و هه‌میشه‌ به‌ره‌نده‌و براوه‌ ده‌بن به‌حوكمی ده‌سه‌ڵاته‌ ئابوورییه‌كه‌یان.

 

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

Post Top Ad

Your Ad Spot

سەرەكى لاى خوارەوە