بەناوى خواى گەورەو ميهرەبان

سەردێڕ

Post Top Ad

Your Ad Spot

الجمعة، 20 ديسمبر 2019

بژێوی وەک پێوەر بۆ پیشەی ڕۆژنامەنووسی!

کامیل مەحمود
لەبەرنامەی(ڕووبەڕوو)ی کەناڵی ئاسمانی سپێدە دەربارەی بابەتی پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای میدیا لەهەرێمی کوردستان کاک حاکم ئازاد نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان زۆر تەئکیدی دەکردەوە لەسەر ماهیەتی پیشەی ڕۆژنامەگەری کەڕۆژنامەنووس ئەوەیە بژێوی لەسەر کاری ڕۆژنامەوانیە نەک مامۆستابێت و کاری ڕۆژنامەنووسی بکات یان پلان بۆ کاری ڕۆژنامەوانی دابنێییت، تەنانەت ئەو دەخالەتەشی بۆ مامۆستایانی زانکۆ بەڕەوا نەدەبینی باپسپۆڕی بوارەکەو بڕوانامە باڵاکانیشیان لەبواری میدیادابێت وەک ئەو مامۆستایەی لەبەرنامەکەدا میوان بوو..
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە ئەمە ئەگەر دروستیش بێت بۆ کوردستان نەگونجاوە، چونکە ئەوەی لەم هەرێمەدا بژێوی بەتەنها لەسەر پیشەی ڕۆژنامەوانییە بەشی هەرە زۆریان ئەوانەن کە لەناو دام و دەزگا میدیاییەکانی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی کوردستانن و مووچەی باش و هەندێکیان خەیاڵیشیان هەیە نەک ئەوانەی بە موکافەئە یان مانگانەیەکی ڕەمزی لە دەزگا میدیاییەکانی دەرەوەی ئەو دوو حزبە داهات بەدەستەی کوردستان کار دەکەن، زۆربەی ئەوانە ژیانیان لەسەر پیشەی ترەو لەپەنای ئەو پیشانەدا ئەدای کاری ڕۆژنامەوانی دەکەن کە بەپێوەرەکەی کاک حاکم ئازاد ڕۆژنامەنووس نین و نەک هەر تەنها مافی ئەندامیەتیان نییە لەو ئەنجومەنە باڵا میدیاییەدا کە دروستی دەکەن بەڵکو ئەو مافەشیان نییە قسە لەسەر میدیاو کاری ڕۆژنامەوانی بکەن، ئەمەش ئەوەی لێ دەکەوێتەوە ئەو ئەنجومەنە میدیاییە تەنها ئەوانەی تیا دەبنە ئەندام کە بژێویان لەسەر پیشەکەیە نەک پیشەیتر، کەدەکاتە ئەنجومەنێک بۆ خۆیان و دام ودەزگا زۆرە میدیاییەکانی دوو حزبە دەوڵەمەندەکەی کوردستان.
ئەوە ترس و پاساوێکە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەنجومەنەکە، ترسێکیتر ئەوەیە کە کاک حاکم ئازاد وتی ئەو ئەنجومەنە لەنوێنەرانی دام و دەزگا میدیاییەکان پێک دێن، هەمووشمان دەزانین کە دام و دەزگای میدیایی زەبەلاح لەکوردستاندا لەگەڵ زۆربەی دامەزراوە بچووکەکانیشدا هەر ئەو دوو حزبە خاوەن ماکینە ئیعلامییە قەرەباڵغە قۆرخیان کردووە بەسوود وەرگرتن لەسەرچاوەکانی داهاتی ئەم وڵاتە کە لەژێر دەستیاندایە، کەواتە لێرەشدا ئەندامانی ئەنجومەنەکە نوێنەرانی ئەو دەزگا میدیاییە حزبی و سێبەرو مەحسوبانەن لەسەر بوجەی دەوڵەمەندی حزبە دەسەڵاتدارەکان.
بۆیە هەرگیز ئەنجومەنی باڵای میدیا لەهەرێمی کوردستان بەراورد ناکرێ بەو ئەنجومەنانەی وڵاتانی پێشکەوتوو کە میدیا سەربەخۆیە و لەسەر حسابی قوت و داهاتی وڵات خۆی بنیات نەناوە!.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

Post Top Ad

Your Ad Spot

سەرەكى لاى خوارەوە