بەناوى خواى گەورەو ميهرەبان

سەردێڕ

Post Top Ad

Your Ad Spot

الجمعة، 12 يوليو 2019

ئايينى عەولەمە ته‌نها ماڵ و سەرمايەيە

كامیل مه‌حمود

عه‌وله‌مه‌ی رۆژئاوایی هه‌موو به‌هاو ره‌وشته‌ مرۆییه‌كانی فرۆشتووه‌ به‌كۆمه‌ڵێك كۆمپانیای بازرگانی و ئابووری و ئايينى، ئامانجى ئه‌م كۆمپانیایانه‌ش و ئه‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن ته‌نها قازانج و سه‌رمایه‌یه‌، هه‌رچه‌ند ئایینی شاراوه‌ی عه‌وله‌مه‌ی رۆژئاوایی له‌پشتی كۆمه‌ڵێك دروشم و به‌های بێ ناوه‌رۆكی بریقه‌داردا خۆی حه‌شار داوه‌، له‌وانه‌ دیموكراسیه‌ت و مافی مرۆڤ و رۆشنگه‌ری و عه‌قڵانیه‌ت و مۆدێرنیزم، به‌ڵام ئه‌مانه‌ جگه‌ له‌ده‌مامكی سه‌ر رواڵه‌تێكی چاوچنۆك و دابڕاو له‌هه‌موو به‌هایه‌كی راسته‌قینه‌ی مرۆیی شتێكیتر نییه‌. 
ناوه‌رۆكی ئێستای عه‌وله‌مه‌ چه‌مك و تێگه‌یشتنێكی نوێی نه‌هێناوه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی نوێیه‌ ئامرازو ره‌گه‌زه‌ به‌كارهاتووه‌كانه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی چه‌مكه‌ كۆنه‌كان، ئه‌و چه‌مكانه‌ش وه‌ك وتمان ته‌نها دروشم و مانشێتی بریقه‌دارن و چاوچنۆكی مرۆڤی داروینیستی رۆژئاوایی له‌پشته‌وه‌ حه‌شار دراوه‌.

رۆژئاواییه‌كان كاتێك باس له‌دیالۆگی ئایینه‌كان و یه‌كخستنی به‌هاكانی ده‌كه‌ن به‌شێوه‌ جیهانگیره‌كه‌ی مه‌به‌ستیان داهێنان یان چه‌سپاندنی ئایینه‌ نوێیه‌كه‌ی خۆیانه‌ كه‌ئایینی ماڵ و سه‌رمایه‌یه‌، راسته‌ مینبه‌ره‌ ئاینییه‌كه‌یان بۆ ئه‌م بانگه‌شه‌يە لەزۆربەى حاڵەتەكاندا نه‌سرانیه‌ت‌و هاوپه‌یمانه‌كه‌شی یه‌هوداو بزووتنه‌وه‌ى ماسۆنی و زایۆنييە‌‌، به‌ڵام ئه‌م پێگه‌ ئاینییه‌ ته‌نها خزمه‌تگوزارییه‌كه‌ بۆ ره‌هه‌نده‌ مادییه‌ ئابوورییه‌كه‌ی هه‌ڵسوڕێنه‌رانی عه‌وله‌مه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌.
عه‌وله‌مه‌ی رۆژئاوایی هه‌موو هه‌وڵه‌كانی له‌ناوخۆدا بۆ بێ به‌هاكردنی ئایین و په‌راوێزخستنیه‌تی، یه‌كه‌م هه‌نگاویش به‌ سیكۆلاریزم ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام ئایین وه‌ك ئامرازێكی ململانێی ژیاری به‌رامبه‌ر به‌ئایین و ژیاره‌كانیتر هێشتا رۆڵی پێ ده‌درێت یان به‌كارده‌هێنرێت، بۆ نموونه‌ هه‌ر ئه‌و ئایینه‌ی كه‌رۆژئاوا هیچ پابه‌ندییه‌كی پێیه‌وه‌ نه‌ماوه‌، بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆیان و به‌تایبه‌تی بۆ ناو گه‌لانی موسڵمان سه‌دان و بگره‌ هه‌زاران دامه‌زراوه‌و رێكخراوی ته‌بشیری بێسنووریان تیادا دامه‌زراندووه‌و ئەگەر كار بۆ نه‌سرانیه‌تیش نه‌كه‌ن ئه‌وا به‌شی گه‌وره‌ی كاره‌كانیان بۆ غه‌ربزه‌ده‌یی و به‌رۆژئاواییكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامییه‌.
ئه‌م ته‌وزیفه‌ دینییه‌ی نه‌سرانیه‌ت ته‌نها بۆ دزه‌كردنه‌ بۆ ناو مه‌نزومه‌ی ئه‌خلاق و دنیابینی گه‌لانی ئیسلامی و خاڵیكردنه‌وه‌ی ئایینه‌كه‌یانه‌ له‌ناوه‌رۆكی خۆی و دابڕینیه‌تی له‌ره‌هه‌نده‌ قیه‌می و ته‌شریعی و ژیارییه‌كه‌ی، كه‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی به‌رۆژئاواییكردن و پاشكۆیه‌تی گه‌لانه‌ بۆ خۆیان. 
عه‌وله‌مه‌ی ئێستا خاوه‌نی ئاینی خۆیه‌تی، به‌ڵام ئایینێك كه‌ خاڵییه‌ له‌به‌هاو رۆحانیه‌ت و ئیستاتیكای مرۆیی، بنه‌ما عه‌قائیدییه‌كانی ئاینی فه‌رمی هاوبه‌شی عه‌وله‌مه‌ی ئه‌مریكی و رۆژئاوایی سوود و قازانجی مادی و ماڵ و سه‌رمایه‌و ئابوورییه‌، مرۆڤه‌كان له‌سێبه‌ری ئه‌م ئایینه‌ زه‌مینيیه‌دا ئامرازو كه‌ره‌سته‌ی میكانیكین، ژیانیان له‌نێوان به‌رهه‌مهێنه‌رو به‌كاربه‌ردا‌ پۆلێن كراوه‌، به‌درێژایی رۆژ جه‌سته‌و ئاوه‌زیان هه‌ڵده‌سوڕێنرێت له‌به‌رمبه‌ر كرێیه‌كدا، دواتر وه‌ك به‌كاربه‌ر ده‌كرێنه‌وه‌ به‌پاشكۆی ئه‌وه‌ی خۆی به‌رهه‌می هێناوه‌و به‌پێی ‌شه‌ریعه‌تی سه‌رمایه‌داری به‌شیان ده‌درێت.‌


چەند پەراگرافێك لەكتێبى(عەولەمەو پێغەمبەرايەتى، كامیل مه‌حمود)

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

Post Top Ad

Your Ad Spot

سەرەكى لاى خوارەوە