كاميل مەحمود
لەماوەى ئەم چەند ساڵەى ڕابردوودا تا ئێستاش حزبەكانى هەرێمى كوردستان كەوتوونەتە بەر ڕەخنەى هاوڵاتيان و بێزارى و بێ ئومێدى بەشێكى زۆر لەئەندامانى خۆيشيان، هەموويان لەرووى زيادكردنى ئەندام و فراوانبوونى بنكەى جەماوەرييانەوە لەشوێنى خۆيان يان لەپاشەكشەدان، وازهێنان و دووركەوتنەوەى ئەندامان و تەنانەت سەردردەكانيان و دەستبەرداربوون لەسياسەتيش خەريكە دەبێتە مۆدێل و دياردەيەكى بەربڵاو كە ئەمە بەسوودى حزبە پاوانخوازو دەسەڵاتدارەكان تەواو دەبێت و دواجار ژيانى سياسى و پرۆسەى حوكمڕانى لەكوردستاندا جارێكيتر ئالوودە دەكاتەوە بە ستەم و دكتاتۆريەتەكەى ڕابردوو.
ئەم دياردەيە لە خۆيەوە نييەو هۆكارى بابەتى خۆى هەيە، لەوانە بەكۆمپانياكردنى زۆرێك لەحزبەكان بۆ خزمەتى كەسانێك، يان بێ پرۆژەيى و بێ ئامانجى لەكارى حزبايەتيدا، ياخود بێ هەڵوێستى و بێ دەنگى زۆرێك لە خاوەن ئينتيما حزبييەكان لە ئەداى خراپى حزبەكانيان، وەك چۆن بێ دەنگى و بێ هەڵوێستى زۆرێك لە هاووڵاتيان دۆخى حوكمڕانى ئەم وڵاتەى لەم دۆخە پڕ لەگەندەڵى و ناعەدالەتييەدا هێشتووەتەوە.
چارەسەركردنى ئەم دۆخە تەنها بەگەڕانەوە بۆ كارى دامەزراوەيى و پرانسيپ دەبێت و پێويستە حزبەكان لەميزاجى شەخسى و بەرژەوەندخوازى سەركردايەتييەكانيان دەرباز بكرێن و ببنە خاوەنى پرۆژەى گۆڕانكارى و بديل بۆ ئەم دەسەڵاتەى ٢٨ساڵە وڵات بە خراپترين شێوە بەڕێوە دەبات، نەك ئەداى ئەوانيش هەمان مۆدێلى حوكمڕانييەكەى وڵات بێت.
مەترسى دۆخى خراپى ناوخۆى حزبەكان هيچى كەمتر نييە لەمەترسى بەردەوامى دۆخى خراپى حوكمڕانى لەكوردستاندا، چونكە ئەگەر حزبەكان بەم جۆرە درێژە بدەن بەئەداى خراپى خۆيان و سياسەت و كارى ڕێكخراوەيى ناڕێكخراويان تەمەنى ئەم دەسەڵاتە نادامەزراوە پڕ لە فەسادەش درێژ دەكەنەوە، بۆيە پرۆسەى حزبايەتى لەكوردستاندا پێويستى بەپێداچوونەوەو شێوازى نوێيە بەتايبەتى لەم كاتەدا كە مۆدێلى سەركەوتووى حزبى سياسى لە دونياو دەوروبەريشماندا بوونى هەيە.

ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق