بەناوى خواى گەورەو ميهرەبان

سەردێڕ

Post Top Ad

Your Ad Spot

الأحد، 31 مارس 2019

چەمكی ئازادی لەنێوان پێناسە و تێگەیشتنە جۆراوجۆرەكاندا

كاميل مەحمود


ئازادی ئەو داخوازییە مەزنەیە كە زۆربەی گەل و نەتەوەكانی دنیا لە پێناویدا نرخێكی زۆری گیانی و ماڵییان بۆ داوە و خەباتی درێژخایەنیان لەپێناودا كردووە، هیچ گەل و نەتەوەیەكیش نییە كە بە هە نرخێك بێت دەستبەرداری ئازادی خۆیان بووبن و بە زەلیلی و كۆیلایەتی رازی بووبن، چونكە ئازادی ئەو چوارچێوە سروشتییە ئینسانییەیە كە هەموو خۆشی و بەختیاری و داهێنان و پێشكەوتنێكی لە ناوەرۆكیدا جێ‌ كردووەتەوە.
تەنها ئەو گەلانە بە تەواوی نرخی ئازادی و ژیانی سەربەست دەزانن كە قۆناغێكی رابردووی ژیانیان با زۆر كورتیش بووبێت، تیایدا دووچاری ژێر دەستەیی و چەوسانەوە هاتبن و لەو بارودۆخەدا ئازار و ئەشكەنجەیان بۆ كرابێتە هاودەمی رۆژانە. گەلی كوردستانیش یەكێكە لەو گەلانەی ئەو ئازار و چەوسانەوە و دیلیەتییەی بینیوە و تا ئێستاش پێی لەسەر زەمینەی ئازادی بەردەوام و دوور لە مەترسی ئایندە نەچەسپیوە و لە قۆناغی خەباتی ئازادیخوازانەی خۆیدایە، ئێستا و رابردووی پرە لە خەبات و قوربانیدان بۆ بەدیهێنانی ئازادی و مافی ژیانی سەربەست و ئینسانی خۆی، ئەم ئەزموونەی  ئێستاش بەشێكی گەورەیە لەو بەرهەمی خەبات و قربانیدانە، كە پێویستی بە پاراستن و گەشەپێدانە.
ژیانی ئازادانەی هیچ گەل و نەتەوەیەك بە بێ‌ هەوڵ و خەبات و خواستی رۆڵەكانی بەدی نەهاتووە و لە هەموو كات و سەردەمێكدا مرۆڤ لە دژی دكتاتۆریەت و دەسەڵاتی ئیستیبدادی تێكۆشاوە و بۆ پەناگەیەكی ئازاد گەراوە پشووی  دەروونی و جەستەیی خۆی تیادا بدات و بە شێوەیەكی دوور لە پاڵەپەستۆ و فشاری كەسانی تر مومارەسەی ژیانی ئازادانەی خۆی بكات.
ئازادی ئەو حاڵەت و كەش و هەوا لەبارەیە كە تەنها لە بارودۆخ و كات و ساتەكانی نەبوونی دكتاتۆریەت و چەوسانەوەدا هەستی پێ‌ دەكرێت ودەبێتە واقیعی بەرجەستە و بەرچاو، بارودۆخێك كە هەموو لایەك بەسنگێكی فراوانەوە بەرامبەرەكەی قبووڵ بكات و وەك ئازادی بۆ خۆی دەوێت ئازادی بەرامبەر و خەڵكانی تریش لەبەرچاو بگرێت، وەك رێز لە بیرورای خۆی دەگرێت بیرورای ئەوانی تریش بەكەم سەیر نەكات.
ئازادی وەك هەموو بەخشش و بەها بەرز و جوانە ئینسانییەكانی تر و وەك حاڵتێكیش بۆ مومارەسە و پیادەكردن چەمك و واتای خۆی هەیە، هەرچەندە یەكێك لە قەیرانە گەورەكانی دنیای ئەمرۆ نەبوونی پێناسە و دیاریكردنی چەمك و واتای ئاشكرا و دیاری موفرەدە و زاراوەكانە، بە تایبەتی بۆ زۆرێك لەوانەی پەیوەستن بە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئینسانەكانەوە.     
ئازادیش وەك زۆر لە موفرەدە و زاراوەكانی تر چەمك و واتایەكی تایبەت و دیایكراوی بۆ دەستنیشان نەكراوە و بووەتە زاراوەیەكی پلاستیكی و هەر كەس و گروپ و تاقمێك بۆ خۆی كێشی پێ‌ دەهێنێت و واتای پێ‌ دەبەخشێت، ئایدۆلۆژیاو ئارەزووە شەخسی و پاڵنەرە سیاسییەكان رۆڵی كاریگەریان لەو رووەوە هەیە،  كە خاڵی سەرەكی بەیەكگەیشتووی هەموویان بەرژەوەندی تایبەتی  ئەو كەس و گروپ و دەسەڵاتە خاوەن ئایدۆلۆژیانەیە نەك بەرژەوەندی گشتی كۆمەڵگە و پێدانی چەمك و واتایەكی بابەتیانە،كە دەبوو بە پێچەوانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرایە.
راستە دەبێت ئازادی لە چوارچێوەی خواست و پێویستییەكانی كۆمەڵگە و پرانسیبە گشتییەكانی زەمینە مەیدانییەكەدا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و بە ناوی ئازادییەوە لە ئازادی كۆمەڵگە نەدرێت و چوارچێوە و پرانسیبەكان واقیعی كۆمەڵگە دروستی كردبن نەك خواست و بەرژەوەندییەكانی دەسەڵاتەكان. بەڵام ئەوەی زیاتر لە دنیای ئەمرۆ و بەتایبەتی گەلانی جیهانی سێ‌ و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا هەستی پێ‌ دەكرێت ئەوەیە كە چەمك و چوارچێوەكانی ئازادی لەلایەن دەسەڵات و رژێمە سیاسییەكانەوە دیاری دەكرێت نەك كۆمەڵگەكانیان.
ئازادی میكانیزمی بەرێوەچوونی ژیانە و هەر كۆمەڵگەیەكیش شێوازی تایبەتی خۆی هەیە بۆ بەرێوەچوونی رەوتی ژیانی خۆی ولە چوارچێوەی سوود و بەرژەوەندی و نەریتە كۆمەڵایەتی و نەتەوەییەكانی خۆیدا سنوورەكانی دیاری دەكرێت، بۆیە لەوانەیە ئەو شێوازە لە ئازادی كەلە جێگایەكی تایبەتی پیادە دەكرێت بۆ شوێنێكی تر پێشێلكاری و ستەمی لێ‌ بكەوێتەوە، باری كۆمەڵایەتی و دەروونی كۆمەڵگەیەك بە جۆرێك لە مامەڵەو مومارەسە ئاسوودە و دڵنیا دەبێت كە پێ‌ دەچێت هەمان شێواز بۆ كۆمەڵگەیەكی تر بشێوی و دڵە راوكێ‌ بۆ ئەو كۆمەڵگە بخاتەوە، لە بەر ئەو ناكرێت چاو لە حەقیقەتی تایبەتمەندی كۆمەڵگەكان دابخەین و لە دەرەوەی ئەو تایبەتمەندییانەوە میكانیزمی بەرێوەچوونی ژیان دیاری بكەین. 
ئازادی حاڵەت و بارودۆخێكی تەندروستە كە مامەڵە لە گەڵ جەستە و دەروون و هەستی مرۆڤەكاندا دەكات، ئەمەش زیاتر لە مومارەسە و واقیعی مەیدانیدا دەردەكەوێت و بەهەر بارێكدا دەرهاوێشتەی پۆزەتیڤانە و دڵنیایی بۆ زۆرینەی كۆمەڵگە لێ‌ كەوتەوە، ئەو ئازادییە لە ناو كەش و هەوا تەندرووستەكەیدا بەرەو پێشەوە دەروات و لایەنەكانی ژیانی كۆمەڵگەش گەشە دەكەن و گۆڕانی ئاسایی و هاوچەرخانەش بەشێوە سروشتییەكەی خۆی دروست دەبێت.
بەڵام لە گەڵا ئەوەشدا بیریار و كۆمەڵناسەكان پێناسە و چەمكی جۆراوجۆریان بە ئازادی داوە و لە زۆر رووە وە قسەیان لەسەر كردووە و چارەنووسی مرۆڤایەتییان پێوە بەند كرووە، كە لەگەڵ جیاوازی ئاراستە و رووگە فیكری و فەلسەفییەكانیشیاندا خاڵی هاوبەش و جەوهەری لە زۆربەی پێناسەكاندا هەیە، كەلێرەدا ئاماژەیەكی خێرا بۆ هەندێكیان دەكەین:
فەیلەسوفی ناودار (بێرتراند رسل) ئازادی بەوە پێناسە دەكات كە بریتییە لە ( نەمانی بەربەستەكان لە بەردەم بەدیهێنانی ئارەزووەكاندا)، هەروەها پرۆسەی رادەربرینی ئازادیش بەو شێوەیە ئاماژە پێ‌ دەدات كە (بریتییە لەوەی كە ئەو ئیرادەیەی  گوزارشتی پێ‌ دەكەین لە دایك بووی ئارەزووەكانی خۆمان بێت نەك لەدایك بووی هێزێكی سەپێنەر كە ناچارمان بكات ئەوە بكەین كە خۆمان نامانەوێ‌ بیكەین)(1). (جون لوك) یش ئازادی بەوە لەقەڵەم داوە كە ( مافی گوێزانەوەی هەر شتێكە كە یاسا رێگای پێ‌ داوە) (2)، جان جاك رۆسۆش دەڵێت: ( ئازادی بریتییە لە گوێرایەڵی ئیرادەی گشتی ) (3)، كە مەبەستی رای گشتی كۆمەڵگەیە. مۆنتسكیۆش رای وایە ئازادی (ئەو مافەیە یاسا رێگای پێ‌ داوە) (4)، لە راگەیەنراوی گشتی مافەكانی فەرەنسی ساڵی 1789 دا هاتووە كە ئازادی بریتییە لە ( مافی تاك لە كردنی هەر شتێكدا كە زیان بەكەسانی تر ناگەیەنێت) (4).
زیاتر لەوەش لەلایەن بیریارانەوە  قسە لەسەر ئازادی و ئازادی رادەربرین كراوە و پانتاییەكی فراوانی  لە بیر و ئەندێشەیان  داگیر كردووە، هەموو ئەوانە كۆكن لەسەر زەروورەتی بوونی ئازادی بۆ كۆمەڵگە لەو چوارچێوەیەدا كە یاسا و ئیرادەی گشتی ئاراستەی دەكات، كە یاساش لە ئەمرۆدا و بەتایبەتی لە وڵاتانی دیموكراسیدا دەرهاوێشتەی ئیرادەی گشتییە. ئەوەی لەم پێناسە و راوبۆچوونانەوە و زۆرێكی ترەوە دەربارەی ئازادی دەردەكەوێت ئەوەیە كە ئەم مافە ئینسانییە دەبێت چوارچێوە و پرانسیبی تایبەتی هەبێت كە هەڵقوڵاوی رای گشتی كۆمەڵگە بێت. واتە ئەوەی هەندێ‌ بانگەشەی بۆ دەكەن لە ئازادی رەها و ئازادی بێ‌ قەیدو شەرت و چەندین دروشم و داوای تری نامۆ بە سروشتی ژیان لە فەرهەنگی هیچ بیریار و مرۆڤێكی ئازادیخوازی راستەقینەدا نییە و جێگای نەبووەتەوە.
ئازادی لە چواچێوە یاساییەكەی خۆیدا كە بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیانی تیادا بێت كۆت و بەند نییە لەبەردەم ژیانی ئازادانەی خەڵكدا، مەگەر یاساو سنوورەكان دەرهاوێشتەی خواست و پێویستییەكانی كۆمەڵگە نەبن، یاخود یاساكان بە دوو پێوانە مامەمەڵەیان لەگەڵدا بكرێت و وەكو  یەك بەسەر هەموو لایەكدا جێبەجێ‌ نەكرێت. وەك ئەوەی ئێستا لە زۆر رووەوە  لەسەر ئاستی جیهانی و نێودەوڵەتی پیادە دەكرێت و لەناو وڵاتانی دواكەوتووی جیهانی سێیەمیشدا لەسەر ئاستێكی فراوانتردا دەبینرێت.
دكتاتۆران و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی یاسا و سنوورەكانیان بە پێی ئیرادەو بەرژەوەندی رژێمەكانیان داناوە و ئەو یاسایانەیان بەربەستن لە بەردەم ژیانی ئازادانەی گەلەكانیاندا. گوتاری فەرمیی خۆیشیان وا رادەگەیەنن كە ئەو یاساكان پەیوەستن بە تایبەتمەندی كۆمەڵگەكانیانەوە و ئەو بەهانەیە دەدەن بەرووی هەر دەنگێكی ریفۆرمیست و ئازادیخوازدا.لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتیش ئەمریكا دەبینین كە لەم قۆناغەدا تاكە زلهێزی جیهانە و دەیەوێت ئیرادەی خۆی بەسەر دنیادا بسەپێنێنێت، لە بەرامبەر خواستی ئازادانەی گەلانیشدا سیاسەتی دووفاقی و بەرژەوەندی رەهای خۆی پیادە دەكات. 

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

Post Top Ad

Your Ad Spot

سەرەكى لاى خوارەوە