بەناوى خواى گەورەو ميهرەبان

سەردێڕ

Post Top Ad

Your Ad Spot

السبت، 30 مارس 2019

لە(72)هەمین ساڵرۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی موحەمەددا: ئەو مێژووەی هەموو شتێكی بۆ ئێمە تێدایە

كامیل مەحمود


مێژوو جگە لەوەی رابردوویەكی پر لەگوتارو كردارو هەڵوێست و رووداوە، سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی هەنووكەییە بۆ هەر گەل و نەتەوەیەكیش و هەر ئەو رابردووەیە رێگا بۆ ئاییندە خۆش دەكات. مێژووی هەر گەل و نەتەوەیەك پرە لەشكست و سەركەوتن و هەڵكشان و داكشانی هەمە جۆر، لەم دنیایەشدا گەلێك نابینینەوە بەسەر یەك هێڵی راستی بێ‌ كەندو كۆسپدا ژیانی بەرێ‌ كردبێت و بەئێستای ئامادە گەیشتبێت، بەڵام مەرج نییە هەموو گەلێك بتوانێت ئەو مێژووەی هەیەتی وەك سەرچاوەی بوون و مانەوەو هێز بۆ خۆی سوودی لێ‌ ببینێت و ئاوری لێ‌ بداتەوە، زۆر گەل و نەتەوە هەیە دەرك بەوە ناكەن مێژوو رووناكییەكەو لەناویدا خۆیان دەبینیت وخۆیشیان دەناسنەوە، ئەو گەلانەی سوود لەمێژووی خۆی وەرناگرن ولەهەنگاوەكانی ئێستایاندا بەرەو ئاییندە، ئەزموونەكانی بەهەند وەرناگرن ورووداوەكانی رابردووی ژیانی خۆیان ناكەنە وانەو پەند بۆ خۆیان، ئەو گەلانەیە كە هەمیشە لەدووبارە كردنەوەی دەقاودەقی مێژووی خۆیاندان بەچاك و خراپ و جوان و ناشیرینییەوە، بێ‌ ئەوەی هەست بەو دووبارە بوونەوەیە بكەن.
راستە لەزۆر كاتدا وەك وتراوە مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە كەئەو دووبارەبوونەوەیە بكرێتە حەتمی و هەمیشەیی و ژیان ببێتە پارچەیەك لەرابردوو، مێژوو لەدوو حاڵەتدا بەشێوە ئاساییەكەی دووبارەبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت، لەو حاڵەتەدا كەئەو گەلە بەخواستی خۆی نییەو لەدەرەوەی ئیرادەی خۆیەوە بۆی دووبارە دەبێتەوەو ئەزموونێكی تاڵی رابردوو دێتەوە سەر رێگای، دووبارەبوونەوەیەكی تر لەو حاڵەتانەدایە كە ئەزموونی سەركەوتووی پێشینی خۆی دەكاتە نموونەو كار بۆ دووبارەبوونەوەی دەكات و ئەمەش ئەزموونە پۆزەتیڤ و چاكەكانی ئەو گەلە دەگرێتەوە.
كوردیش گەلێكە بەدرێژایی مێژووی خۆی ئالوودەو ئاوێتەیە بەئەزموونەكانی ژیان و لەسەر ئەو شێوازەی بیری پێ‌ دەكاتەوە مامەڵە لەگەڵ رابردوو وئێستاو ئاییندەدا دەكات، زاكیرەی مێژوویی كورد دەوڵەمەندە بەچەندین ئەزموونی تاڵ و شیرین و رووداوی گەورەو گرنگ كە دەشێت ئێستای لەبەرامبەردا دابنێین و لەپرۆسەیەكی بەراوركارانەدا بزانین كەچەندە ئەو مێژووەمان بەدەست و بەئارەزووی خۆمان دووبارە كردووەتەوە، كەزیاتر مەبەستمان دووبارەبوونەوە ناتەندروست و نائاساییە نێگەتیڤەكەیانە.
دەتوانین لەخۆمان بپرسین كەئایا تاچەندە توانیومانە خوێندنەوەی بابەتیانەمان بۆ مێژووی خۆمان هەبێت ولەبەر رۆشنایی ئەو خوێندنەوەیەدا ئەمرۆی ئامادەمان دارشتووەتەوەو تەنها ئەوەندەمان لەو مێژووە بۆ دووبارە بووەتەوە كە پێویستە، یاخود لەدەرەوەی تواناو ئیرادەی خۆمانەوە بەسەرماندا سەپاوە؟.
لەدوو شوێن و دوو زەمەنی جیاوازەوە دەكرێت بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا بگەرێین وبارودۆخی ئێستای خۆمان هەڵبسەنگێنین، لەناو مێژوودا ئەوەی بووەتە رابردوو دەری دەخات چەندە سوودمان لەئەزموونەكانی پێشینمان وەرگرتووەو دیسان لە ئێستاشدا هەمان وەڵاممان دەست دەكەوێت و دەزانین تاكوێ‌ مێژووی خۆمانمان هەزم كردووەو ئەزموونە تاڵەكانمان تێپەراندووە و بواری دوبارەبوونەوەیانمان نەهێشتووەتەوە، بەتایبەتی ئێمە لەو گەلە بەشمەینەتانەین بەدرێژایی مێژوو لەحەرەكەت و گەراندا بووین بەدوای خەونە ئینسانی و نەتەوەییەكانی خۆمانداو تا ئەم لەحزەیەش بارودۆخی ژیانمان سەقامگیری بەخۆیەوە نەدیوە، ئەوەی زۆر گرنگە بۆ ئەم قۆناغانەی دواینی بزاوتی نەتەوەیی كوردو خەباتی رزگاریخوازی گەلەكەمان و ئەو مێژووەی لەم بارەیەوە بۆی دروست بووە، ئەو رووداوە دیارانەیە كەلەم سەد ساڵەی رابردوودا بووەتە ناونیشان بۆ قۆناغە یەك لەدوای یەكەكانی بزاڤە نەتەوایەتییەكەی، هیچ گەلێك بەئەندازەی كورد خاوەنی سەرمایەی مێژوویی نییە لەئەزموون و تاقیكردنەوەی پر لەوانەی دیارو ئاشكرا، هیچ گەلێكیش بەئەندازەی كورد چاوی لە ئاستی ئەو هەموو ئەزموونەی رابردووی خۆی دانەخستووەو هەڵەكانی دوێنێی نزیكی خۆی دووبارە نەكردووەتەوە، مێژووی خۆی پێی دەڵێت ناتەبایی و پەرتەوازەیی فراوانترین دەروازەیە دوژمنانی لێوە دێتە ژوورەوەو دەستتان پێ‌ دەخاتە خوێنی یەكترو دۆزەكەتان زیندەبەچاڵ دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا هەر پەرتەوازەو ناتەبا و لەیەكتر دوورین و لەهەموو قۆناغە مێژووییەكانی ژیان و خەباتی بێ‌ وچانماندا هەر خۆمان چاوساغ و دۆستی دوژمن ونەیارەكانمان بووین و ئەوەندەی رەچاوی خواست و بەرژەوەندییەكانی ئەوانمان كردووە، نیو هێندە رەچاوی برایەتی و تەبایی نێوان خۆمان نەكردووە. مێژوو پێمان دەڵێت بەبەڵێنی بێگانەو هێزە كۆلۆنیالیستەكان تەفرە مەخۆن و هەموو جارێك هەر ئەوان پردی ئێوەیان داوە بەئاودا، بەڵام تا ئێستاش هەر گاڵتەمان بەمێژوو دێت وئەوەندەی پشت بەبەڵێنی ئەوان دەبەستین كەمتر هێزو بازووی خۆمان وهەوڵ و خەباتی رۆڵەكانمان بیر دەكەوێتەوەو هەندێ‌ جار سەنگەرەكانی خۆمان بەبزەیەكی بێگانە چۆڵ دەكەین و وەهمێك بەخۆمان دەدەین كەگوایە لەپەنای ئەواندا بە دوا وێستگەی ئارامی گەشتەكەمان گەیشتووین، مێژوو ئەو رووداوە تاڵانەی بۆ تۆمار كردووین كەچۆن لەترۆپكی سەركەوتن و نزیكبوونەوەمان لە هاتنەدی خەونەكانماندا هێزە گەورە بەڵێندەرەكان بەشكستیان سپاردووین و خەونەكانیان لێ‌ تێك داوین، بەڵام بەداخەوە تائێستاش بەخەبەر نەهاتووینەتەوە.
ناوەراستی سەدەی رابردووبوو كورد لەجوگرافیایەكی بەرتەسكی وەك شارو ناوچەی مەهابادی كوردستانی رۆژهەڵاتدا جاڕی قەوارەیەكی سیاسی بۆ خۆی داو پێشەوا قازی موحەمەد كۆماری كوردستانی راگەیاندو خۆی بوو بەسەرۆك و سەركردەی ئەو كۆمارە، دەسەڵاتی شوورەوی ئەو سەردەمەو سوپاكەی بەڵێنی هەموو پشتیوانییەكیان بەقازی وگەلی كورد داو واگومان برا كەئیتر كورد پشتیوانی هەیەو هاوپەیمانی هێزە گەورەكانەو چووەتە نێو هاوكێشە سیاسییە حساب بۆكراوەكانەوە.
پێگەی قازی لەناوگەلەكەیدا بەرەی ناوخۆی ئەو قەوارە كوردییەی تا رادەیەكی باش وبەرچاو بەهێز كردبوو، چونكە دڵسۆزی و خەخۆری ئەو سەركردەیە بۆ گەلەكەی كەسایەتییەكی كاریزمی بۆ دروست كردبوو كەبووبوویە فاكتەری یەكریزی كوردو بزاڤی كوردایەتی لەو سەردەمەدا، بەڵام كێشەكە بەرەی دژە كوردی دەرەوە بوو كە لەگەڵ تواناو هێزی ئەو كۆمارە ساوایەدا بەراورد نەدەكراو قازی دەیویست پشتیوانی هاوكاری مۆسكۆ ئەو هاوسەنگییەی بۆ دروست بكات و مەترسی دەوڵەتی ئێرانیش لەسەر خۆی هەڵبگرێت، لەم رووەوە مۆسكۆش هەموو بەڵێنێكی بەكورد دابوو، بەڵام دواتر چارەنووسی كورد بوویە قوربانی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو هێزی داگیركەری سۆڤیەتی وئێرانی.
قازی كەسێكی خواپەرست و نیشتیمانپەروەری راستەقینە بوو، بریاری دابوو لەخۆشی و ناخۆشی گەلەكەیدا بەشداری بكات و هەرگیز لێیان جیا نەبێتەوە، زۆرە بۆ سەركردەیەك زیاتر لەنیوسەدە بەسەر ئەزموونی سەركردایەتی و سیاسەت و حوكمرانی كورت و هەڵوێستی ناو رۆژە سەختەكانیدا تێپەرَیبێت، بەڵام تا ئێستاش لەدۆست و دوژمنەوە جگە لەستایش و گەورە راگرتنی كردارو رەفتاری ئەو سەركردە مێژووییەی كورد شتێكی تر نەوتراوەو نەبیسراوەو نەنووسراوە.
پێشەوا قازی موحەمەد رەمزی خۆراگری وسەركردەی بوێری رۆژە سەختەكانە، كارەساتی روخاندنی كۆمارەكەی و پشت تێكردنی هاوپەیمانە بێ‌ پەیمانەكانی راستە لەسەر دڵی قورس بوو، بەڵام ئەو بریاری دابوو لەو میحنەت و شكستەدا لەگەڵ گەلەكەیدا بێت و وەك چۆن لەخۆشیدا لەگەڵیاندا بوو لەم ناخۆشی و كارەساتەشدا كەدوا ئامانجی خۆیەتی لەگەڵیاندا بمێنێتەوە، پاشان قازی زۆری مەبەست بوو ئەم رووداوەی رۆژگارەكەی وانەیەك بێت بۆ نەوەكانی دوای خۆی، بەكردار ئەوەی لەدەستی هات كردی و هەوڵەكانی بەبنبەست گەیشتن و خەونەكانی خۆی و گەلەكەی بەهۆی خیانەت ودرۆی دۆستەكانیەوە زیندە بەچاڵكراو دوا دیمەنی ئەو نمایشە تراژیدییەش لەنێوبردنی خۆی بوو، كەسەلماندی سەركردەی راستەقینە لەخۆشی وناخۆشی وشكست و سەركەوتندا لەگەڵ گەلەكەیدایەو لەناویاندا دژیو لەناویاندا دەمرێت، گەلانی ئازادیخوازیش پێویستیان بەم جۆرە سەركردە خۆنەویستانە هەیەو بوونی ئەمانەش زۆر دەگمەنە.
قازی موحەمەد رووداوە مەیدانییەكانی رۆژگارەكەی كردە مێژوو بۆ ئێمە، مێژوویەك كەهەموو شتێكی تیایەو دەكرێت لەگشت سەردەم و قۆناغێكدا بۆی بگەرێینەوەو هەوڵی دووبارەكردنەوەی حاڵەتە پۆزەتیڤەكانی بدەین و فاكتەرەكانی ئەو ترتژیدیایەی بەسەر پێشەواو هاوەڵانیدا هات تێپەرێنین و بوار بۆ دووبارەبوونەوەیان نەكەینەوە.
پێدەچێت قازی هەستی بەوە كردبێت كەگەلەكەی لەخوێندنەوەی مێژوودا لاوازەو ئەم نمایشەی ئەو لەزاكیرەیدا نامێنێتەوەو لەبەرامبەر مێژوودا كورد كێشەی لبیرچوونەوەی هەیە، بۆیە بەنووسین وگوفتاریش وانە وەرگیراوەكانی رووداوە دراماتیكییەكانی سەردەمەكەی لەشێوەی وەسیەتنامە بەناوبانگەكەیدا تۆمار كردو لەدوو توێیدا كوردی لەكۆمەڵێ‌ خاڵی گرنگ ئاگادار كردەوە كەلە بزاڤە رزگاریخوازییەكەی ئاییندەیدا رەچاوی بكات، لەو وەسیەتنامەیەدا داوای یەكگرتن و تەبایی و چاكەو چەكەخوازی لەگەڵ یەكتردا لێ‌ كردوین، خواستی پاراستنی قییەمە ئایینی و نەتەوایەتی و ئینسانییەكانی لەئێمە هەبوو، زۆر تەئكید لەوە دەكاتەوە كە كورد بۆ ئاییندە بەبەڵێنی بێگانە تەفرە نەخوات و هێزی خۆی لەناوەوەی خۆیەوە بنیات بنێت و پشت بەخواو بەخۆی ببەستێت، دەكرێت وەسیەتنامەكەی پێشەوا قازی موحەمەد بكرێتە مانیفێستی شۆرش و بزاڤی كوردایەتی و ئەزموونەكەی ئەو لەگەڵ خۆی و خەڵك و دەوروبەرو بێگانەو هێزە گەورەكاندا ببێتە مایەی كارئاسانی بۆ میكانیزمی مامەڵەی ئێمە لەگەڵ بارودۆخی سەردەمەكەمان و قۆناغی ئێستای بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەماندا.
ئەمرۆ لەگەڵ دوێنێی دوورو نزیكدا جیاوازییەكی زۆری نییەو بەبێ‌ خوێندنەوەی مێژوو مامەڵەی دروستمان لەگەڵ رۆژگارە نوێیەكەدا پێ‌ ناكرێت، زمانی هاوپەیمانەكانی ئەمرۆمان هەمان ئەو زمانەیە لەگەڵ قازیدا قسەیان پێ‌ دەكرد و جۆری بەڵێنەكانیشیان هەمان فۆرم و ناوەرۆكیان وەرگرتووەو ناكرێ‌ داوای گۆڕانی مامەڵەی ئەوان بكەین، بەڵكو ئەوەی پێویستە بگۆرێت و شێوازێكی نوێ‌ بەخۆیەوە بگرێت، مامەڵەو سیاسەت و ئەدای كاری ئێمەیە لەگەڵ دەرەوەی خۆماندا كەتا ئێستاش گۆڕانێك لەو رووەوە بەدی ناكەین، كورد لەكاری سیاسی و دبلۆماسیدا خاوەنی ئەو هەموو ئەزموونە مێژووییەیە كەلەناویدا چەندین كەوتن و هەستانەوە هەیە، دەكرێت هۆكاری كەوتنەكان بخوێنینەوەو بۆ ئەمرۆی خەباتە نەتەوایەتییەكەمان سوودی لێ‌ ببینین، دووبارەكردنەوەی هەڵە مێژووییەكان دەرەنجامی نزمیی ئاستی بیركردنەوەو لاوازی زاكیرەی مێژووییمانە.
قازی موحەمەدی پێشەوا دوای ئەوەی پیلانی دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان سەری گرت و هاوپەیمانە درۆزنەكانی ئەو رۆژگارەش پشتیان تێ‌ كردو مافی گەلێكی چەوساوەیان كرد بەقوربانی كەمترین بەرژەوەندی خۆیان، بەو دەرەنجامە گەیشت كە كورد دەبێت پێش هەموو شتێك پشت بەخۆی ببەستێت و لەگەڵ دەرەوەی خۆشیاندا لەسەر بنەمای پەیمان و بەڵێنی ئەوان مامەڵە نەكەن و بەپلانی شایستەو گونجاو لەگەڵ هەستیاری دۆزە كوردییەكەو مەترسی دوژمنانی گەلەكەمان لێیان بچنە پێشەوەو ئەو مامەڵە ئەخلاقییەی كورد پێشتر بەدڵپاكی لەگەڵ ئەوانی تردا پیادەی كردووە، بۆ لەمەو دوا لەگەڵ خۆی و نەتەوەكەیدا مومارەسەی بكات و لەگەڵ ئەوانی تردا بەرژەوەندی هاوبەش بخوێنێتەوە، چونكە دنیای ئەمرۆ ئەخلاقی كردووەتە دەرەوەی كایە سیاسییەكانەوەو لەگەڵ پەیمان و بەڵێنەكانیدا مامەڵەیەكی سیاسیانە دەكات نەك ئەخلاقیانە. هەر بۆیە قازی لەوەسیەتنامەكەیدا زۆر تەئكیدی لەسەر مامەڵەی كورد لەگەڵ بێگانەدا كردووەتەوەو كەمامەڵەیەكی هەڵەو خۆكوژانەیە ئەگەر لەسەر بنەمایەكی سیاسی روون و ئاشكرا نەبێت وتەنها لەمەسەلەی پەیمان و بەڵێندا كورت كرابێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی ئێمەش ئەو مێژووە دووبارە نەكەینەوە كەپێشەوا ئاگادارمان دەكاتەوە لەدووبارە نەكردنەوەی.
رێزو سەروەری بۆ گیانی فیداكارانەی پێشەوا قازی موحەمەدو هاورێكانی كەلەم رۆژانەدا (72)ساڵ بەسەر ئەو فیداكاریەیاندا تێدەپەرێت كەمێژوو بەشانازییەوە بۆی تۆمار كردووین و لەو رێگایەوە نموونەی سەركردەی خۆنەویست وگەلویست ونیشتیمانپەروەرمان پێ‌ دەناسێنێت.


ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

Post Top Ad

Your Ad Spot

سەرەكى لاى خوارەوە