بەناوى خواى گەورەو ميهرەبان

سەردێڕ

Post Top Ad

Your Ad Spot

الأربعاء، 27 مارس 2019

دكتاتۆر لەهەناوی كۆمەڵگەدا

كامیل مەحمود


دیموكراسیەت دەنگ وسەدایەكی ئاوازداری خۆشی هەیە، كەنەك هەر لەناخی مرۆڤەكاندا نەیارو دوژمنی حەقیقی نییەو ئەگەر ئەوەشی هەبێت بەرژەوەندی دەیخوازێت نەك لەناخەوە بێزراوبێت، بەڵكو خولیای سەری هەموو كەسێكە كەبتوانێت بەو ئاوازە ژیارییەوە ژیان بەرێ‌ بكات ولەژینگەیەكدا بژی پێش ئەوەی ئاو وهەواكەی پاك وبێگەرد رابگیرێت، بارودۆخە سیاسی وكۆمەڵایەتییەكەی خاوێن بكرێتەوەو بەو ئاراستەیەدا ببرێت كەدیموكراسیەت بۆ كۆمەڵگەیەكی ئازادی فەراهەم دێنێت.ئەم زاراوەیەو گەلێكی تر لەزاراوە هاوتاو نزیكەكانی تر لێیەوە لەم سەردەمەدا بوونەتە ویردی بەردەوامی سەرزاری هەموو لایەك و هەریەكە بەشێوەیەك خۆی دەكاتە هۆگرو هەواداری، دكتاتۆرترین كەسی سەر ئەم هەسارەیە بێنەو بیخە ژێر پرسیاری شەرعییەت و سەرچاوەی حوكم و دەسەڵاتەكەیەوە، خێرا دەست بۆ گەل و شەرعییەتی دیموكراسیانە دەبات ومۆدیلە سەركوتكەرەكەی حوكمی خۆی دەباتەوە سەر عەقدە كۆمەڵایەتییەكەی جان جاك رۆسۆو دیموكراسیەتێكت بۆ نمایش دەكات كەمەگەر هەر لەخەیاڵی خۆی ولەخەونی گەلەكەیدا بوونی هەبێت.بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین كەزاراوە بەكار هێنان ودروشم بەرز كردنەوەو خۆشەویستی و هۆگری وپەیوەستبوونیش پێیانەوە بەتەنها زەمینەسازی ناكات بۆ پراكتیزەكردنی ئەو چەمك وزاراوانەو بەو حاڵەتە عاتیفی وخواستە غەریزەییەی مرۆڤ بۆ كەماڵ و بەختەوەری دنیا نابێتە شامی شەریف وكەشتی كۆمەڵگە لەكاناری ئەماندا ناگیرسێتەوە.مامەڵەكردن لەگەڵ چەمك وزاراوە ژیارییەكان بەیاریكردن بەوشەو مزایەدەی بێ‌ كردەوە بەسەر یەكەوە دەرەنجامێك ناهێنێتەدی وشتێك بەباری پۆزەتیڤدا لەواقیعی كۆمەڵگە ناگۆرێت، تا ئەو كاتەی ئیرادەی گۆرانكاری وچاكسازی دەبێتە خەمی گشتی وعەقڵی دەستە جەمعی لەچواچێوەی بەرژەوەندی كۆمەڵگەدا بیر دەكاتەوەو واقیعبینانە مامەڵە لەگەڵ پەیوەندییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی ناوخۆی خۆیدا دەكات، نەك زاتیانە رەفتار بكات و بەخۆدانە دەست چەند هەنگاوێكی ئانی وكاتی دەسەڵاتێك لەخشتە ببرێت، چونكە واهاتووە دەسەڵاتە سیاسییەكان لەسەرەتای كاریانەوە بەكاری باش دەست پێ‌ دەكەن و لەناوەراست و كۆتاییدا خراپی دەكەن، لەزۆربەی حاڵەتەكانیشدا فاكتەری خراپبوونەكەش لەخۆیانەوە سەرچاوەی نەگرتووەو گەلەكانیان ئەو شەرعییەتەی لەو سەرەتایەوە پێداون و دوای كار لەكار ترازان وپەشیمانبوونەوەش ئەو شەرعییەتە بەئاسانی وەرناگیرێتەوەو ئەو دەسەڵاتانە دەیكەنە چەكی دەستیان وشەری نەیارانی ناوخۆو رای گشتی جیهانی ونێودەوڵەتیشی پێ‌ دەكەن.یەكێك لەكێشە كۆمەڵایەتییەكانی ئەم ناوچەیەی ئێمە كەمەبەستم وڵاتانی دواكەوتووی دەڤەرەكەیە ئەوەیە: هەمیشە لەشۆرش و خەبات و قوربانیداندانی بێ‌ پسانەوەدان بۆ بەدیهێنانی ژیانێكی ئازادو بەختیارو دوور لەئیستیبدادو دكتاتۆریەت و لەگشت بزاڤ و راپەرینێكیشیاندا دیموكراسیەت دەكەنە ئامانج بۆ خۆیان، كاتێك بەم هەوڵ وخەباتەیان قۆناغێك تێدەپەرێنن وگۆرانێكی سیاسی دەخوڵقێنن وبارودۆخێكی لەبار بۆ پراكتیزەكردنی دروشم و زاراوە مەحبوبەكانیان دەرەخسێنن، جارێكیتر بازێك بەسەر دۆخە مەوزوعییەكەدا دەدەن و زاتێك دەكەنەوە بەقیبلەی خۆیان و مامەڵە كۆنەكەیان لەگەڵ دەسەڵاتە نوێیەكەدا دەست پێ‌ دەكەنەوە.وتمان زۆربەی ئەو دەسەڵاتانە، بەتایبەتی ئەوانەیان كە دەرەنجامی شۆرش وخەباتی گەلەكانیانن، بەسەرەتایەكی باش بۆ خۆیان وگەلەكەیان دەستبەكار دەبن ونایانەوێ‌ هەڵەكانی رابردووی رژێمە پێشووەكان دووبارە بكەنەوە، بەڵام ئەوەی جارێكی تر میلی كاتژمێرەكانیان پێ‌ دەباتەوە دوواوە گەلەكانیانەو ئەو مامەڵە كلاسیكییەی ئەوانە لەگەڵیاندا، ئەوەی دەیانگۆرێت دووبارەكردنەوەی هەڵە پێشینەكانی جەماوەرەكانیانەو دەستكردنەوەی ئەوانە بەپیادەكردنی ئەو مامەڵە دەروونی و رۆحییەیان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتانەدا، ئەوان دێنەوە گۆرەپانەكەو لەسەر شێوازە پیادەكراوەكەی رابردوویان دەگەرێنەوە بەدوای سیمبولێكدا كەبیكەنە خاوەنی دەستكەوتە نوێیەكانی گەل وشۆرش و فاكتەری ئارامبەخش بە ژیانیان.چونكە لەهەناویاندا دەقیان لەگەڵ كاریزمایەكی بێ‌ وێنەدا گرتووە كە بەخەیاڵی خۆیان مێژووی ئەوان بەخۆیەوە نەیدیبێت، لەناخیاندا فەراغێك دروست دەبێت كەتەنها بەو سیمبولە بەهەژموونە پر دەبێتەوە، ئالێرەوە گوریسەكە دەكەنەوە بەخوری و دوایی كەكردیانەوە بەگوریسیش، ئەو دەسەڵاتە بەشێوەیەك دەگۆرێت ملی خۆیانی پێوە دەكات، ئەوان خۆیان رەوشە لەبارەكە دەشێوێنن و لەناوەراستی رێگادا ئاراستەی رەوتە سیاسییەكەی وڵاتەكەیان دەگۆرن و خۆیان ودەسەڵاتەكەش دەبەنەوە سەر ئەو كلتوورە سیاسییە باوەی ناوچەكەو بارودۆخەكە بەجۆرێك دەگۆرن، كەپاشان هەر خۆیان رەحمەت بۆ كفن دزی پێشوو بنێرن.كۆمەڵگە مرۆییەكانی ئەم ناوچەیە دەستكەوتە باش وگۆرانە سیاسییە پۆزەتیڤەكان لەكەسێك یان نوخبەیەكدا دەبیننەوەو هەموو جوڵە و رۆڵێكی دەوڵەت ودامەزراوە رەسمییەكان لەخۆیان ون دەكەن، بگرە بوون وكارایی ئەوانیش دەكەنە بەشێك لەكەسایەتی یەكەمی وڵات، كەكراوە بەسەركردەی نموونەو كاریزمایەكی بەهەیبەت.لەیەكەم هەنگاوی ئەو سەركردەیەدا كەرەچاوكاری بەرژەوەندییەكانی گەلەكەی دەكاتە رێرەو بۆ كارو شێوەی بەرێوەبردنی وڵاتەكەی، گەلەكەی دەوری دەدەن و كاتێك لەخۆی دەروانێت، خۆی لەسەر شانی ئەواندا دەبینێتەوە كەلەناو ئاپۆرایەكی گەورەدا هیتاف بۆ ژیانی دەكێشن و لەسەرشانی خۆیان باڵاتر لەپۆستەكەی رایدەگرن، لەوانەیە ئەو سەركردە سیاسییە وەكو ئەرك وبەرپرسیاریەتی مێژوویی مامەڵە لەگەڵ پۆستە رەسمییەكەی خۆیدا بكات و ئەوەی تیادا نەبینێتەوە كەرەعیەتەكەی دواتر بۆی نمایش دەكەن، بەڵام كەواقیعە جەماوەرییە نوێیەكەی بۆ دێتە پێش و لەسەر شانی ئەوان باڵاتر لەپۆستەكەی خۆی دێتە پێش چاو، نغرۆی غرورو تاكرەوی دەبێت.بۆیە حاڵەتی كۆمەڵایەتی وپێشهاتە سیاسییە بەردەوامەكانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە وامان لێ‌ دەكات كەبڵێین ئەو دیدگایە زۆر هەڵەیە كەدەڵێت بێدەنگی دكتاتۆر دروست دەكات، خۆ ئەگەر راستیش بێت بۆ ئەم جوگرافیا كۆمەڵایەتییەی دەڤەرەكەی ئێمەو دەوروبەرەكەمان راست دەرناچێت، چونكە زۆربەی دكتاتۆرەكانی ئەم ناوچەیە لەناو دەنگ وهاوار و ژاوەژاوی جەماوەرەكانیاندا درووست بوون و لەهەناوی ئەوانەوە هاتوونەتە دەرەوەو لەسەر شانی ئەوان جاڕی دكتاتۆریەت دەدرێتەوە. لەسەر شانی ئەو جەماوەرەدا سەركردە مەرگی هەموو دەزگاو دامەزراوەكانی دەوڵەت دەكاتە دیاری بۆ راگەیاندنی دەسەڵاتی تاكرەوانەی خۆی و لەوێوە سەرەتای تراژیدیكان دەس پێ‌ دەكاتەوە.هەرگیز ئەو مەشهەدە ناشارستانی ودواكەوتووەی چەند مانگێ‌ دوای روخاندنی رژێمی دتاتۆری سەدامم  بیرناچێتەوە، كاتێك زوبەیدی ناوێك كرایە ئەمینداری بەغداد بۆ راپەراندنی كاروبارەكانی بەغدای دوای فەوزاو فەرهوودەكە، تا ئەو كاتەی رێوشوێنێك بۆ بەرێوەبردنی وڵات دیاری دەكرێت، زوبەیدی هەستا بەكۆمەڵێك كاری ئاسایی وەك گەران بەناو خەڵك و بەسەركردنەوەی هەندێ‌ گەرەك و رێكخستنی كاروبارەكانی هاتوچۆی ناو رێگاوبانەكان، لەناو ئەم فەوزایەی چەند رۆژی رابردوویدا ئەم كارانە بۆ جەماوەرێك كە هەمیشە بۆ چاكەیەكی ناو دەیان خراپەی دەسەڵات دەگەرێت بۆ ئەوەی لەسەر شانی خۆی بەرزی بكاتەوە زۆر گرنگ وسەرنجراكێش بوون، بۆیە كاتێكی  زانی خۆی لەسەر شانی جەماوەرێك لەخەڵك بینییەوەو لەناو هاوارو دروشمی پر لەناوی خۆیدا سەرسامیان كردبوو، لەكاتێكدا ئەو كابرایە شایستە نەبوو بكرێتە بەرێوەبەری ناحیەیەك نەك ئەمینداری پایتەخت و بارودۆخ وپێشهاتە ناوازەكەی عێراق ئەوەی بۆ رەخساند، دواتریش بەو شێوەیە ئەو خەڵكە هەژارە لەخۆیان كردە شاهی شاهان،  ئەوەی سەرنجی راكێشام بێباكی ئەو بوو لەو مەشهەدەو رەفتارە سەدامییەكانی بوو كەبەهەر دوو دەستی سڵاوی لەو جەماوەرە ناهۆشیارو گێلەی دەوروبەری دەكردو بەسەر شانیانەوە پێدەكەنی، ئەوەبوو ئەو جەماوەرە بەجۆرێك چەواشەیان كرد كەلەفەرمانبەرێكی دەوڵەتەوە خۆی لێ‌ بگۆرێت بۆ سیاسییەكی موحەننەك و واتێبگات لەجێگاكەی سەدام دانراوە، بەڵام خۆشبەختانە پێوەرە سیاسییە نوێیەكانی عێراق لەهیچ شوێنێكەوە ئەوی نەدەخوێندەوە، كەپاشان بارودۆخەكە كرییەوە بەو مەجهولەی كەئێستا نووسەری ئەم چەند دێرە تەنها كونییەكەیم لەبیرماوەو ناوەكەیم لەیاد چووەتەوە.كەواتە بۆ چەسپاندن وقوڵكردنەوەی ئەو چەمك وزاراوە ژیاریانەی سەردەم، سەرەتا پێویستمان بە گۆران و وەرچەرخان هەیە لەدیدگاو بیركردنەوەی كۆمەڵگەداو چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی و ئاگایی تاكەكانی، زەمینەی گۆران و دووبارە نەبوونەوەی ئەزموونە تاڵەكان و سەركەوتنمان لەدروستكردنی بەربەست لەبەردەم نەگەرانەوەی دكتاتۆریەت و نەهاتنەوەی دەسەڵاتی ئیستیبدادی، لە كاركردن لەسەر جەماوەرو رۆشنبیركرنیانەوە دەست پێ‌ دەكات، چونكە بەئەزموون دیومانەو لەئێستاشدا شوێنەواری ئەو نەریتە كۆمەڵایەتییە سیاسییە هەر ماوە، هێشتا كلتوورێك لەناخیاندا چەسپاوە كەكلتوورێكی تاكرەهەندی تەسكبینانەیەو هەمیشە دەروونی بەبوونی سیمبولێك دەحەسێتەوە، هەرئەمەشە دەیكاتە بنەما بۆ جۆری ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ دەسەڵاتدا پیادەی دەكات و دواتر ئەو جەماوەرە وەك لەزۆربەی قۆناغە سیاسییەكانی ژیانیدا بینراوە، خۆی زەمینە بۆ دەسەڵات دەرەخسێنێت ببێت بەو دكتاتۆرەی دواتر نەوەیەك لەپێناو كۆتایی پێهێنانیدا تەمەنی سەرف بكات.  


ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

Post Top Ad

Your Ad Spot

سەرەكى لاى خوارەوە