بەناوى خواى گەورەو ميهرەبان

سەردێڕ

Post Top Ad

Your Ad Spot

الخميس، 28 مارس 2019

كەمئەندام لەكۆمەڵگەیەكی كەمئەندامدا

كامیل مەحمود


مرۆڤ هەرچۆنێك بێت مرۆڤەو دارای هەست و ئارەزوو وپێویستییەكانی خۆیەتی وهیچ حاڵەتێكی كوتوپرو لەناكاو دابراوی ناكات لەو هەست و ئاەزووانەی خۆی، بۆیە هەموویان لەناو بزووتنەوەی ژیاندا وەك یەك خاوەنی مافی ئینسانی خۆیانن و بگرە دەبێت دووچاربوونیان بەحاڵەتی كوتوپرو كارەساتبار ببێتە هۆی ئەوەی زیاتر مافەكانیان بەهەند وەر بگیرێت و كێشەكانیان بەزوویی بۆ چارەسەر بكرێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو مرۆڤانەی روبەرووی كارەسات و رووداوە لەناكاوەكان دەبنەوە بەشێكی جەستەیان لەدەست بدەن یان لەكار بكەوێت.
هەروەها ئەو مرۆڤەش كە كەمئەندامێكی زكماكەو قەدەر هەر لەسەرەتاوە ئەو حاڵەتەی بەسەردا چەسپاندووە، بەهەمان شێوە ئەویش ماف و خەون تموحی خۆی لەم ژیانەدا هەیەو وەك هەر مرۆڤێكی ساغ بیر لە بەدیهێنانی هیواو خەونەكانی خۆی دەكاتەوە، بۆیە ئەویش لەسەر كۆمەڵگەیە هاوكارو هاوسۆزی بێت و هەمیشە فاكتەری دڵخۆشكەرو ئومێدبەخش بێت بۆی نەك بەپێچەوانەوە.
كۆمەڵگەی هۆشیارو پێشكەوتوو دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ خەڵكە كەمئەندامەكەی خۆیدا دەكات و هەرگیز لەكاروانی بەرێكردنی ژیانی خۆی بەدەری نانێت و ئاوێتە بەخۆی دەكات، ئاوێتەكردنی ئەوانیش جگە لەوەی مافێكی ئینسانی وئەخلاقی خۆیانە، هۆكاری سەقامگیری كۆمەڵایەتی و گەشەكردنی ئەو كۆمەڵگەیەو لەدەست نەدانی وزەو توانا جۆراوجۆرەكانی ئەندامانی كۆمەڵگەكەیەتی، كە ئەمرۆ كەمئەندامان توێژێكی بەرچاوی كۆمەڵگە مرۆییەكانی سەر رووی زەوین و بەشی هەرە زۆری فاكتەرەكانی ئەو كەئەندامبوونەش دەگەرێتەوە بۆ (شاكارە) داهێنراوەكانی مرۆڤ خۆی، یان خراپ بەكارهێنانیان.
هەركۆمەڵگەیەك دەگریت لەرووی جۆرایەتی مرۆڤەكانیەوە فرەیی بەدی دەكەیت، مرۆڤی رەش و سپی و سوور، یان مرۆڤی كورت و ئەوانی تری درێژو بەهەمان شێوە لاوازو پاشان قەڵەو بەدی دەكرێت، هەموو ئەوانە لەناو كۆمەڵگەدا ئاوێتە بوون و هەریەكەیان لەجێگای خۆی و بەپێی تواناو بەهرەكەی گورێك بەم بزاوتی ژیانە دەدات، دەبێت مرۆڤی كەمئەندامیش بەشێك بێت لەوپلۆرالە ئاساییەی ناو كۆمەڵگەكان و لەو حاڵەتە جیا نەكرێتەوە، دەبێت بەو دیدگا ئاساییەوە لەبوونی توێژی كەمئەندام بروانرێت كەبەشێكە لەپێكهاتەی كۆمەڵگەو بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت كەبخرێنە ناو ئەو پرۆسەی پۆلێنكارییە سروشتی و ئاساییەوە كەئاماژەمان بۆ كرد. واتە بۆ نموونەچۆن خەڵكێك هەیە دەتوانن مەلەبكەن یان یاری بۆكزێن و خەڵكێكی تریش ئەوە ناتوانن، بەهەمان شێوە كەسانێكیش هەیە دەتوانن برۆن یان ببینن یان بیستن و ئەوانی تر ئەو تواناییەیان نییە.
كۆمەڵگەی دواكەوتوو هەمیشە روكەشانە شتەكان دەبینێت و بەردەوام مامەڵە لەگەڵ رواڵەتی دەرەوەدا دەكات نەك شتە شاراوەو توانا دەرنەكەوتووەكان و بەهرە هزرییە داهێنەرەكان، كەمرۆڤێكی بێ‌ دەست و قاچ و ئیفلیج دەبینێت، وا تەماشای دەكات مرۆڤێكی بارو خاوەن ئەركی بێ‌ كەڵكە بەسەر كۆمەڵگەوەو دوعای ئەوەی لێ‌ دەكات كە(خوا رەحمی پێ‌ بكات)، واتە زوو پێچی پێ‌ بكاتەوە، بیر لەوە ناكاتەوە كەئەو مرۆڤە راستە لە جووڵەو بزاوتی جەستەیی كەوتووە، بەڵام خۆ هەست وئیدراك و بیركردنەوەی ماوەو دەكرێت تواناكانی ئەوانە قەرەبووی جەستە لەكاركەوتووەكەی بۆ بكەنەوە، بۆیە كە پشتگوێی دەخات، ئاسایی حاڵەتەكە وەردەگرێت و بێ‌ ئاگایە لەوەی توێژێكی كۆمەڵگەكەی خۆی پەراوێز خستووە كەدەكرێت لەناویاندا زاناو رۆشنبیرو ئەدیب و بیرمەندی بلیمەت هەبێت. مێژوویش ناوی سەدان كەسی بلیمەت و داهێنەری بۆ توماركردوین كەئەگەر رووكەشانە سەیریان بكرایە، وەك مرۆڤێكی بێ‌ كەڵك دەهاتنە پێش چاو. هەرچەندە ئەوانەش كە ئەدای ئەرك و كارێكیان پێ‌ ناكرێت، هەر مافیان بەسەر كۆمەڵگەكانیانەوە هەیەو نابێت گۆشەگیر بكرێن، چونكە لەو گۆشەگیری و پەراوێزخستنەدا كەسە داهێنەرەكانیش ون دەبن و دەكەونە پەراوێزەوە.
لەوانەیە ئەو حاڵەتە بۆ كۆمەڵگەی دواكەوتوو ئاسایی بێت، چونكە ئەو لە بنەرەتدا زۆرێك لەساغەكانی خۆی پشتگوێ‌ خستووەو رێگرە لەئاوێتە بوون وبەشداری پێكردنیان لە بەرێوەبردنی رەوتی ژیانی كۆمەڵگەدا، كۆمەڵگەیەك رێزی زاناو ئەدیب و خاوەن بیرەكانی نەگرێت و ئاوێتەیان نەكات بەخۆی و هەزار پرسیار لەسەر بەهرەو تواناكانیان بخوڵقێنێت، چۆن چاوەرێ‌ دەكرێت كەمئەندامەكانی ئاوێتە بەخۆی بكات و بەدوای توانا هزری و بەهرە شاراوەكانیاندا بگەرێت، لەكاتێكدا بەچاوی سەرو بەعەقڵی خۆی دەرك بەتوانا دیارو ئاشكراكانی مرۆڤە ساغەكانی ناكات.
كۆمەڵگەیەكی تەندروست مامەڵەیەكی تەندروستانە لەگەڵ هەموو پێكهاتە مرۆییەكانی خۆیدا دەكات و كۆمەڵگەی ناتەندروست و دواكەوتووش چاوەرێی ئەوەی لێ‌ ناكرێ، چونكە خۆی جارێ‌ كەمئەندامەو ناتوانێت بەشێوەیەكی ساغ و ئاسایی بیر بكاتەوە. 

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

Post Top Ad

Your Ad Spot

سەرەكى لاى خوارەوە