بەناوى خواى گەورەو ميهرەبان

سەردێڕ

Post Top Ad

Your Ad Spot

الجمعة، 29 مارس 2019

برايەتى ئيسلامى لەدوو چوارچێوەى دينى و دنياييدا

كاميل مەحمود


ئێمەى ئيسلامى هەميشە باس لەبرايەتى دەكەين و ئايەتەكانى برايەتى دەخوێنينەوە، بەڵام ئەوەى لەسەر زەمينەى واقيع دەيبينين دوو جۆر برايەتييە:

يەكەميان برايەتييەكى بەهێزو تۆكمەيە لەچوارچێوەيەكى دنياييدا كە خۆمان دروستمان كردووە، ئەويش چوارچێوەيەكى حزبييە يان ڕێكخراوەييە يان دەزگاو دامەزراوەيەكى سياسى ياخود پيشەييە، كە ئێستا چوارچێوە حزبييەكە زۆرتر كاريگەرە، ئەو برايەتييەى لەچوارچێوەى حزبێكى ئيسلاميدا دروست دەبێت لەحاڵەتە ئاساييەكاندا زۆر تۆكمەو بەهێزو بارگاوييە بەمەحەبەت و خۆشەويستى، تەنانەت شۆڕ دەبێتەوە بۆ كايە كۆمەڵايەتييەكەش و زۆرێك لەئەندامان تێكەڵى خانەوادەيى و سەردانى بەردەوام دەكەوێتە نێوانيان، ئەمە ڕووە جوان گەشاوەكەى حزبايەتى ئيسلامييە.

چوارچێوەيەكيتر كە خەڵكە بڕوادارەكە دەكاتە براى يەكتر يان براو خوشكى يەكتر چوارچێوەيەكى ئيمانى و دينييە بەدەر لەحزب و ئينتيماى سياسى كە ئەمەيان لەخواى گەورەوەيەو ئەو كردووينى بەبرا، لەناو ئەم چوارچێوە دينييەشدا برايەتى تامى خۆى هەيەو كاريگەرييەكەى هەموو بوارەكانى ژيانى مرۆڤە بڕوادارەكان دەگرێتەوە.
چوارچێوە حزبى و ئۆرگانييە دنياييەكەى يەكەم ئەگەر لەناو چوارچێوەكەى دووەمدا جێگاى نەبووبێتەوە ئەو كاتە لەحاڵەتە نائاساييەكانى حزب و رێكخراودا پێچەوانەى برايەتى دەبينيتەوەو ئەم برا موسوڵمانە وا لێ دەكات هەموو بيرەوەرييە خۆشەكانى ڕابردووى لەگەڵ براكەيدا لەياد بكات و بكەوێتە وێزەى و ببێتە دوژمنى و هەموو چاكييەكانى ڕابردووى بۆ دەكاتە خراپە، لەم حاڵەتانەدا دەردەكەوێت كە ئەو برايەتييەى ڕابردوو پەيوەندى بەئيمان و ئيسلام و ديندارييەوە نەبووەو لەبەرخاترى دنياو بەرژەوەندى و چورچێوەيەكى دنيايى نمايشى برايەتى كراوە، خۆ ئەگەر خۆشبەختانە يەكێك يان كۆمەڵێك برا لەو چوارچێوە حزبيى و دنياييە هاتنە دەرەوە و كەشى برايەتى و مامەڵە وەك خۆى مايەوەو پەيوەندييە ئيمانييەكە تێك نەچوو، ئەوە ديارە چوارچێوە دنياييەكەش مەحكومە بە چوارچێوە دنييە گەورەكەو برايەتييەكە لەبەر خوا بووە..
بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەم هاوكێشەيە لەناو ئيسلامييەكاندا بەتەواوى ڕەنگى دنيا خراپەكەى ئەمڕۆى گرتووەو چوارچێوە حزبييەكان زۆر موقەدەسترن لەچوارچێوە دينييەكان، ڕەوايە لەسەر دنياو پۆستى دنياو بەشدارى لەم كايە يان ئەويتر چوارچێوەدارەكانى دنيا بەناوى دينەوە بەربنە يەكتر؟
يان ڕەوايە كەسانێك كەخۆيان لەگەڵ ئەوانيتردا چوارچێوەيەكيان بۆ كارى هاوبەشى يەكتر دروست كردووەو تەمەنێكە پێكەوەن و ئيديعاى برايەتيان كردووە، ئێستا هەر لەبەر ئەوەى ئەوانە تێبينى و رەخنەيان لەسەر ناوەرۆك و شێوازى چوارچێوە دنياييە ناموقەدەسەكە هەيە من و تۆ لەچوارچێوە دينييەكەش بيكەينە دەرەوەو جاڕى رق و كينە لەدژيان بدەين و هەندێ جار گرێى دەروونى خۆشمانى تێكەڵ بكەين؟.
دوا قسەم ئەوەيە: چوارچێوە دنياييەكان كە بۆ زەمەنێك كۆمان دەكاتەوە دنيايى و دروستكراوى دەستى خۆمانە و بەهيچ شێوەيەك موقەدەس نين تا لەپێناويدا برايەتى بۆ تێك بدەين.
چوارچێوە دينييەكە كە خوا سنوورو ديواربەندى بۆ كردووە موقەدەس و مەزنەو هەر كەسێك لەپێناوى بەرژەوەندى خۆى و چوارچێوە دنياييەكاندا تێكى بدات پرسيار لەسەر ئيمان و دينى هەيە، دواجار گومانيش نامێنێت كە لەناو هەردوو چوارچێوەكەشدا ڕاستگۆ نەبووە.
كەواتە ئەوەى لەهەموومان و لەگشت چوارچێوە دنياييەكان گەورەترە چوارچێوەى دين و باوەڕدارييە، با نەكەسى لێ بكەينە دەرەوە، نەخۆشمان لێى بچينە دەرەوە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

Post Top Ad

Your Ad Spot

سەرەكى لاى خوارەوە